پارتی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی گۆڕان به‌ هیستریا له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات

 پارتی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی گۆڕان به‌ هیستریا له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات
فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان وه‌ڵامی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی دوێنێ پێنجشه‌ممه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌داته‌وه‌ پێی ده‌ڵێ ئه‌و مافه‌ت نییه‌ به‌ناوی گه‌لی كوردستانه‌وه‌ بدوێیت و قسه‌ له‌سه‌ر چاره‌نووس و ئایینده‌ و پرسه‌ سیاسییه‌كان بكه‌یت.

ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی فراكسیۆنی پارتی له‌ به‌شێكیدا هاتووه‌"گۆڕان نوێنەرایەتیی ڕەوتێكی فكریی فەوزەوی و تێكدەر دەكات و قوتابیی ئەو كەسەیە كە تەنیا بیر لە تێكدانی ڕەوشی سیاسیی كوردستان و ئاسوودەیی خەڵك دەكات. شاگردی ئەو كەسەن كە هانی لایەنگرانی داوە تەقە لە كونسوڵخانەكان بكەن و ئەندازیاری بیانی بڕفێنن و داهێنەری جنێوفرۆشی و ئیرهابی فكرییە لەناو كورددا. ئەو ڕەوتە بە هیچ شێوەیەك مافی ئەوەی نییە ببێتە دەمڕاست و نوێنەری گەلی كوردستان، ئەو گەلەی سیمبوڵی پێكەوەژیان و ئازادیخوازی و تێكشكاندنی تیرۆر و دیكتاتۆرییە".

ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌یه‌:-

لە وەڵامی بەیاننامە پڕ لە هیستریاكەی ڕۆژی پێنجشەممە 17-11-2016ـی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیێنین گۆڕان بە هیچ شێوەیەك ئەو مافەی نییە بەناوی گەلی كوردستانەوە بدوێت و بەناوی خەڵكی سەربەرزی كوردستان و چینوتوێژ و هاووڵاتیان قسە لەسەر چارەنووس و ئاییندە و پرسە سیاسییەكان بكات.

گۆڕان نوێنەرایەتیی ڕەوتێكی فكریی فەوزەوی و تێكدەر دەكات و قوتابیی ئەو كەسەیە كە تەنیا بیر لە تێكدانی ڕەوشی سیاسیی كوردستان و ئاسوودەیی خەڵك دەكات. شاگردی ئەو كەسەن كە هانی لایەنگرانی داوە تەقە لە كونسوڵخانەكان بكەن و ئەندازیاری بیانی بڕفێنن و داهێنەری جنێوفرۆشی و ئیرهابی فكرییە لەناو كورددا. ئەو ڕەوتە بە هیچ شێوەیەك مافی ئەوەی نییە ببێتە دەمڕاست و نوێنەری گەلی كوردستان، ئەو گەلەی سیمبوڵی پێكەوەژیان و ئازادیخوازی و تێكشكاندنی تیرۆر و دیكتاتۆرییە.

پێویستیش ناكات موزایەدە بكەن و خۆتان بكەن بە نوێنەری مووچەخۆر و مامۆستایانی كوردستان. مەبەست لە تێكدەر و ئاژەوەچی و جنێوفرۆش تەنیا ئێوەن كە كوردستان و یەكڕیزیی گەلی كوردتتان تێكداوە. بۆیە دووپاتی دەكەینەوە كە ئێوەی شاگردی جنێوفرۆش و دیلكوژ و هاندەر بۆ كوشتنی كونسوڵەكان، هەتا دەتوانن جنێو بدەن، هەڵپەڕن، ئیرهابی فكری بڵاو بكەنەوە. چونكە ئەمە پیشەی خۆتانە و ناتوانن خەڵكی سەربەرزی كوردستان پەلكێشی نامەسئولیی خۆتان و هزری تێكدەرانەتان بكەن.

باسی یەكڕیزیی دەكەن؟ هەر ئێوە و مامۆستاكەتان بوو حزبێكی گەورە و تێكۆشەرتان لەت كرد، ئێستایش خەریكی خواردنی سەری یەكتر و پیلانگێڕانن لەدژی یەكتری. یەكڕیزیی گەلی كوردستان كاری ئێوە نییە. جنێوفرۆشی و ئیرهابی فكری و تێكدان ئەو ئەخلاقەیە لەسەری پەروەردە كراون و دوور و نزیك پەیوەندی بە بەها بەرزەكانی گەلی كوردستانەوە و داوا ڕەواكانی خەڵكی كوردستان و مووچەخۆر و مامۆستایان نییە.

دەرفەتتان پێدرا مەدەنی بن و هەست بە بەرپرسیارێتی بكەن و زیاتر لە حەقی خۆتان لە حكوومەت و پارلەمان بەشتان برد، بەڵام ناپاكیتان لە تەوافوق و پڕۆسەی سیاسی كرد و یاریتان بە ئاسوودەیی خەڵك و دامودەزگاكانی هەرێم كرد. كە تەپوتۆزی ئیرهابە فكرییەكەتان لە سلێمانی نیشتەوە ئەو كات بۆ خەڵكی شاری هەڵمەت و قوربانی ڕوون دەبێتەوە كە چیتان كردووە و چۆن یاریتان بە چارەنووسی گەل كردووە.

بۆشتان نییە ناوی پێشمەرگە و شنگال بهێنن، ئەوەی لەسەر تێكدان و ڕق و دووبەرەكی و ناپاكی پەروەردە كرابێت بە هیچ شێوەیەك ناتوانێ هاوسۆزی نەهامەتی و ئازاری كوردستان و شنگال بێت. گەلی كوردستان خۆڕاگر بوو، پێشمەرگە مەردانە تۆڵەی شنگالی كردەوە و ئەفسانەی داعشی شكاند بەڵام ئێوە چیتان كردووە بۆ پێشمەرگە و شنگال؟ ئەوە سەركەوتنی پێشمەرگەیە ئێوەی تەنگاو كردووە و تووشی هیستریا بوون.

لە كۆتاییدا دەڵێین گەلی كوردستان لەسەر ڕێگەی خۆی بەردەوام دەبێت و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ سەركەوتن و شكۆ تۆمار دەكات و پاڵپشتی پێشمەرگە و بەها و ئامانجە بەرزەكان دەبێت. ئێوەی پەروەردەی مەدرەسەكەی ڕق و تێكدانی گۆڕانیش هیچتان ده ست ناكەوێت جگە لە جنێو و هەڵپەڕین.

فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارلەمانی كوردستان

18ـی 11ـی 2016




باسنیوز
Top