ساڵی داهاتوو هەولێر رۆژانە 550 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا دەكا
ئەمڕۆ پێنجشەممە ئەندامانی کۆمسیۆنی نەوت و گازی لە پەرلەمانی عێراق سەردانی پاڵاوگەکانی ھەرێمی کوردستانیان كرد.
شێخ باز بەڕێوەبەری کۆمپانیای کار لە کۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا گوتی "لە ھەولێر دوو پاڵاوگەی سەرەکی ھەیە، یەکەم بە ناوی پاڵاوگەی ھەولێر بەهێزی ١٠٠ ھەزار بەرمیل و دووەم پاڵاوگەی موسڵ بەهێزی ٦٠ ھەزار بەرمیل نەوت كار دەكەن".
گوتیشی ئەو شاندە بۆ ئەوە ھاتبوون کە ئەوان لە نزیکەوە ئاگاداری کار و چالاکییەکانی هەرێم بن و ئامانجیان ئەوەیە بە ھەماھەنگی ژێرخانی ھەرێمی کوردستان و عێراق دروست بکەن".
ھەروەھا لەو کۆنگرەیە سەرۆکی کۆمسیۆنی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق گوتی "ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە سەردانی ئەو پاڵاوگانە بکەین و لە نزیکەوە ئاگاداری کار و چالاکی و گرفتەکانیان بین، ھەروەھا بۆ ئەوەی زیاتر زانیاری وەربگرین و پەرە بەو کەرتە بدەین".
گوتیشی "لە سلێمانی پاڵاوگەی بازیان و لە ھەولێریش پاڵاوگەی ھەولێر زۆر گرنگن بە ھۆی ئەوەی کە پێداویستییەکانی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان دابین دەکەن و ھەروەھا لەو پاڵاوگەیە بە دەیان پسپۆڕی بواری نەوت و گاز تێدا پەروەردە دەبن".
لای خۆیەوە تارق گەردی ئەندامی پەرلەمانی عێراق گوتی "ئێمە لە گەڵ وەزیری سامانە سرووشتییەکانی ھەرێمی کوردستان لە ھەولێر کۆبووینەوە و لە نزیکەوە پلانی ئەو سەردانەمان باس کردووە. ئامانجمان ئەوەیە کە لە نزیکەوە ئاستی بەرھەمی ئەوان بزانین و ھەروەھا ئەو کێشانەی کە بۆیان دێتە پێش چین چارەسەری بکەین".
ھەروەھا گوتی "ھەرێمی کوردستان رۆژانە ١٢٠ بۆ ١٧٠ ھەزار بەرمیل و ئەویش بە پێی ئاستی بەرهەمهێنان رادەستی بەغدا دەکات و نەوتی کەرکووک لە رێی بۆڕییەکانی ھەرێمی کوردستان رەوانەی بەندەری جیھان دەکرێت و بە نیازین لە ساڵی ٢٠١٧ رۆژانە ٥٥٠ ھەزار بەرمیل رادەستی حکوومەتی عێراق بکەین و ھەروەھا عێراقیش پابەندی رێککەوتن بێت".
باسنیوز
