ڕاپۆرته‌كه‌ی ڕێكخراوی هیومان ڕایتس له‌سه‌ر بنه‌مای زانستی و لۆژیكی نه‌بووه‌

ڕاپۆرته‌كه‌ی ڕێكخراوی هیومان ڕایتس له‌سه‌ر بنه‌مای زانستی و لۆژیكی نه‌بووه‌
لە شەشی نوڤەمبەری 2016 ڕێكخراوی چاودێریی مافەكانی مرۆڤ ڕاپۆرتێكی لەژێر ناوی هێزە كوردییەكان گوندە عەرەبنشینەكان دەكەنە ئامانج بڵاو كردووەتەوە

كە بێ ئینسافی بەرانبەر بە پێشمەرگە و لایەنگیریی تیرۆریستانی تێدایە و لە وەڵامی ڕاپۆرتی ئەم ڕێكخراوە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا بە دامەرزاندنی (لیژنەی دەرخستنی راستییەکان) بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە ناوەڕۆکی راپۆرتی رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ (HRW) و چەند لایەنێکی دیکە، له‌ به‌شێكیدا هاتووه‌ كە:

یەكەم: بە داخەوە ڕاپۆرتەكەزانیاری و ئەنجامگیری و لێكدانەوەی نادروست و لایەنگیری و حوكمی پێشوەختەشی تێدایە و بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ واقعدا ناگونجێت.

دووەم: تایتێڵ و ناوەڕۆكی ڕاپۆرتەكە لەشوێن خۆی نییە و جێگەی سەرسووڕمانی ئێمەیە. ئەگەر سیاسەت و نەهجی هەرێمی كوردستان دژایەتیكردنی عەرەب بێت ئەدی بۆچی ڕێگە دراوە ملیۆنێك و پێنجسەد هەزار ئاوارەی عەرەب لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێ ببن. پرسیار ئەوەیە بۆچی لە ڕاپۆرتەكەیاندا باسی میوانداری و سینگفراوانیی خەڵكی كوردستان لەبەرانبەر سەدانهەزار ئاوارەی عەرەب ناكرێت كە ڕوویان لە شارەكانی هەرێمی كوردستان كردووە.

سێیەم: ناكرێ ڕێكخراوی چاودێریی مافەكانی مرۆڤ بە ڕاپۆرتی لەم جۆرە ببێ بە پارێزەری داعش و زەمینە بۆ چاوپۆشیكردن لە تاوانی ئەو كەسانە ساز بكرێت كە دەستیان لەگەڵ داعش هەبووە و تاوانی دژی مرۆڤایەتییان ئەنجام داوە و كچ و ژنی ئێزیدییان ڕفاندووە و كار بۆ بەخشینی داعشەكان بكرێت.پێشتر و ئێستا و لە ئاییندەیشدا ئەوە سیاسەتی ئێمە بووە و دەبێ، كە ئەوەی لەگەڵ داعش بێت چارەنووسی داعشی دەبێت و ئەوەی لە دەستمان دێت بۆ دژایەتیی تیرۆر و لەناوبردنی داعش و لایەنگران و هاوكارەكانیان ئەنجامی دەدەین.

چوارەم: تەحەددا دەكەین ئەگەر تەنانەت یەك حاڵەتیش هەبێ كە كەسێكی بێگوناە و مەدەنی بە ئەنقەست كوژرابێت، با ڕێكخراوەكە ئاماژەی پێ بكات و ئێمەیش ئامادەین بۆ هەموو ئیجرائاتێكی پێویست.
پێنجەم: لە ماوەی دووساڵی شەڕدا تەنانەت یەك شوێنی سڤیلیش لە لایەن پێشمەرگە و هێزە هاوپەیمانەكان نەكراوەتە ئامانج. ئەو شوێنانەی شەڕی تێدا كراوە خەڵكی لێ نەبووە و تەنیا مۆڵگە و حەشارگەی تیرۆریستانی داعش بووە.

شەشەم: لەبری ئەوەی ڕێكخراوی چاودێریی مافەكانی مرۆڤ پشت بەو كەسانە ببەستن كە زانیاریی هەڵە و چەواشەكارانەیان بۆ دەهێنن با بڕۆن گوێ لە خەڵكی عەرەبی ناوچە ئازادكراوەكان بگرن بۆ ئەوەی بزانن مامەڵەی هێزی پێشمەرگە لەگەڵ هاووڵاتیانی عەرەبی ناوچە ئازادكراوەكان بە چ شێوەیەك بووە.

hawler-
Top