ئەحمەد كانی: كەسانێك دەیانەوێت یان خۆیان شت بن، یان كوردستان هیچ نەبێت
(ئەحمەد كانی) کە بەرپرسی پەیوەندییە عێراقی و نیشتیمانییەكانی پارتی دیموکراتی کوردستانە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی جەختی کردەوە: "قسەكانی (ئارام شێخ محەممەد) بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ قوربانیدانی گەلەكەمان ناگونجێت." وەک (کانی) دەڵێ، راستە هەرێمی كوردستان لەگەڵ قەیرانێكی سەخت بەرەوڕووە و بژێویی هاووڵاتیان ئەستەمە، بەڵام دەبێ هەموو لایەك پێكەوە هەوڵی چارەكردنی قەیرانی دارایی بدەن، گوتیشی "قۆستنەوەی ئەم قەیرانە بۆ بەلاڕێدابردن و بەرژەوەندیی حزبی، یان تووشی بۆچوونێكی وەكو بۆچوونەكەی (ئارام شێخ محەممەد)ـمان بكات، ئەوە خیانەتێكی گەورەیە لە خەباتی گەلەكەمان، بۆیە نەدەبوو هەرگیز (ئارام شێخ محەممەد) ئەم قسەیە بكات و قسەكەی قابیلی قبووڵ نییە."
(ئەحمەد كانی) گوتیشی: "عێراق بۆخۆی لە قەیرانێكی دارایی زۆر سەختدایە، چاوەڕوان دەكرێت رەوشی ئابوورییەكەیشی لە هیی هەرێمی كوردستان باشتر نەبێت.. خۆ هەر بەغدایش هۆكاری ئەم قەیرانەیە كە لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، ئاخر ئەوە (مالیكی) بوو كاتی خۆی پیلانی داڕشت و بە هاوكاریی ئەمسالەكانی (ئارام شێخ محەممەد) قوتی خەڵكی هەرێمی بڕی، جا بە گوێرەی قسەی نوێنەرەکەی گۆڕان بێ، دەبێ پوخت هەرێمی كوردستان رادەستی بەغدا بكەین، بەڵام ئەوان تەنیا تەمسیلی هاوبیران و هاوپیلانانیان دەكەن، هەڵبەتە لەناو بزووتنەوەی گۆڕانیشدا خەڵكانێك هەن دژی ئەم پیلانەن، چونكە باش دەزانن چارەسەری قەیرانی دارایی ناكات."
بەرپرسی پەیوەندییە عێراقی و نیشتیمانییەكانی دهشڵێت، "بەر لە دەستپێكردنی پرۆسەی ئازادكردنەوەی مووسڵ، (سەرۆك بارزانی) لە بەغدا بوو، ئەگەر كێشەیەك هەبێت و بە (بارزانی) و (عەبادی) نەتواندرێ شتێك بكرێ، بە ڕادەستکردنی پارێزگای سلێمانییش بە بەغدا چارە نابێت. بەداخەوە كەسانێك دەیانەوێت یان خۆیان شت بن یان كوردستان هیچ نەبێت و ئەمە فەلسەفەكەیانە، بۆیە تووشی هەڵویستی وا ناشاز و نابەجێ دەبن."
kdp-
