خەڵكی باشیك: سەرۆك بارزانی هیچ دڵەڕاوكێیەكی نەهێشت، سەردانەكەی مێژوویی بوو
(مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، دوێنێ چوارشەممە 16-11-2016، سەردانی سنووری نەینەوای كرد و لە شارەدێی باشیك گوتارێكی مێژوویی بۆ خەڵكی ئەو ناوچەیە پێشكەش كرد .
(زەنوون یوونس یووسف)، بەرێوبەری ناحیەی باشیك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوتی: "ئێمە پشتئەستوورین بە هێزەكانی پێشمەرگە لەو سنوورە و (سەرۆك بارزانی)ـیش دڵنیایی بە ئێمەدا كە جارێكی تر كەس ناتوانێت دەستی ڕەشی خۆی بگەیێنێتە سنوورەكەمان."
(زەنوون) گوتیشی: "ناحیەی باشیك شوێنی پێكەوەژیان بووە و لە كۆنەوە دانیشتووانەكەی لە كریستیان و ئێزدی و موسوڵمان پێك دێت و هیچ كێشەمان نەبووە، دوێنێیش لە بەرامبەر (سەرۆك بارزانی) گشت پێكهاتەكان ئامادە بوون و بەڵێنیان دا كە لەسەر ئەو پێكەوەژیانە بژین و بەردەوامی پێ بدەن، بۆیە كەیفخۆش بوون و، خەڵكی باشیكیش بەپەلەن بۆ گەڕانەوە دوای گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییەكان، چونكە (سەرۆك بارزانی) هیچ دڵەڕاوكێیەكی لای خەڵكی باشیك و ئەو سنوورە نەهێشت" .
(شێخ حەسەن عەلی سلێمان)ـی دانیشتووی شارەدێی باشیكیش، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "هاتنی (سەرۆك بارزانی) بۆ شارەدێی باشیك لە دوای ئازادكردنی، رۆژێكی مێژوویی و پیرۆز بوو لە مێژووی كوردستان بە گشتی و بە تایبەتیش بۆ باشیك و بەحزان، ئەوە ئومێدی ئێمە بوو خەڵكی باشیك و بەحزان (سەرۆك بارزانی) ببینین سەردانی دەڤەرەكەمان بكات، ئەو گوتارەی كە پێشكەشی كرد، بووە جێگای خۆشحاڵیی خەڵكی ئەو سنوورە، چونكە متمانەی دایە خەڵكی كە دڵنیا بین پێشمەرگە لە سنوورەكە پاشەكشە ناكات و ماددەی 140ـیش نەماوە ."
(شێخ حەسەن) گوتیشی: "سەردان و ئەو پەیامەی (سەرۆك بارزانی)، بووە مایەی ئەوەی خەڵك ئیتر بە پەرۆشەوە بەپەلە بێت بۆ گەڕانەوە بە زووترین كات".
پێوەست بە هەمان بابەت، (ئیدریس عەلی خامۆكا) بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "سەردانی (سەرۆك بارزانی) لە نزیكەوە بۆ باشیك، مێژوویی بوو و نازانین چۆن وەسفی بكەین، چونكە دڵنیاییەكی لە سەدا سەدی دا بە ئێمەی خەڵكی باشیك و ئەو سنوورە بە گشت پێكهاتەكانەوە، ئەو كاتەی گوتی، لەگەڵ ئەمەریكا و حكوومەتی بەغدا رێككەوتنمان هەیە و ئەو سنوورەی بە خوێنی پێشمەرگە قارەمانەكان ئازاد كراوە، سنووری ئێمەیە، ئەوەیش دڵنیاییە بۆ ئێمە كە جارێكی تر دەستی دوژمنان ناگات بە ناوچەكەمان ."
(خامۆكا) دهشڵێت، دوای گوتارە گرینگەكەی (سەرۆك بارزانی)، زۆر كەیفخۆش بووین و ئومێدمان بۆ گەڕایەوە، بەڵام داوا دەكەین مینەكان بە زوویی پاك بكرێنەوە و خزمەتگوزاریی ئاو كارەبا دابین بكرێت، ئەوكاتیش هەموومان دەگەڕێینەوە بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆمان و بەردەوامی بە ژیان دەدەین".
pdk-
