د. محەممەد خورشید: دەبێ ئیدارەی ناوچە كوردستانییەكان بگەڕێندرێنەوە سەر هەرێمی كوردستان
(د.محەممەد خورشید)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو ئەركە گرینگەی لەسەر هێزی پێشمەرگە بوو، تەواوی كردووە و دەبێ خەڵكی كوردستان قەدری ئەم خوێنە پاكە بزانێت كە هێزی پێشمەرگە بۆ پاراستنی ناوچە كوردستانییەكان و وەرگرتنەوەی لە تیرۆریستان رشتوویەتی، بەڵام نابێ هەروا بێخەم بین و دەبێ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم پڕۆژەی هاوبەشیان هەبێت بۆ چارەكردنی گرفتی ئەو ناوچە تازە رزگاركراوانەی بە خوێن ئازاد كراون و دەبێ ئیدارەیان بگەڕێندرێنەوە سەر هەرێمی كوردستان".
ئەو ئەندامەی سەركردایەتیی پارتی لە كەركووك روونی كردەوە: "پێویستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە پڕۆژەیەكی ڕوون گرفتی ناوچە كوردستیانییەكان لەگەڵ بەغدا چارە بكات. سەرەتا لە ڕووی ئیدارییەوە هەنگاو بنێت، چونكە تا ئیستا ئیدارەی ئەم ناوچانە لە ژێر دەستی حكوومەتی عێراقە، دواتر دەبێ كێشەی بودجەی ئەو ناوچانە لەگەڵ عێراق چارە بكات، چونكە ناكرێ هەر وەكو جاران 17 لە سەدمان بۆ هەژمار بكرێت لە پشكی بودجەدا."
(خورشید) ئاماژەیشی دا: "هێزی پێشمرگە هەرگیز لەو ناوچانە ناكشێتەوە كە ئازادی كردوون، بەڵام لە پشتی پێشمەرگەوە ئیدارەیەك ماوە كە سەر بە حكوومەتی عێراقە و پێمان خۆش بێت یان نا، دەتوانێت گرفتمان بۆ دروست بكات. ئەو ئیدارەیە بۆ نموونە دەتوانێ كێشە بۆ هێزی پێشمەرگە دروست بكات، دەتوانێ بڕیار بدات ئیستیخباراتی عێراقی بگەڕێتەوە، دەتوانێ بڕیار بدات ئەمنی وەتەنی بگەڕێتەوە، دەتوانێ بڕیار بدات سوپای عێراقی یان حەشدی شەعبی بیتە ناوچەكە و، ئەم كارانە لە ژێر ناوی پاراستنی كەمینەیەك یان مەزهەبێك یانیش ناوچەیەك بكات."
pdk-
