نوێنه‌ری مەسیحییه‌كان: ئه‌وه‌ی گۆڕان ده‌یكا دژ به‌ بنه‌ماكانی پێكه‌وه‌ژیانه‌؛ پارچه‌كردنی كوردستانیشه‌

 	 نوێنه‌ری مەسیحییه‌كان: ئه‌وه‌ی گۆڕان ده‌یكا دژ به‌ بنه‌ماكانی پێكه‌وه‌ژیانه‌؛ پارچه‌كردنی كوردستانیشه‌
سەرۆكی فراكسیۆنی كلد سریان ئاشوور لە پەرلەمانی كوردستاندا، دژایه‌تیی خۆیانی بۆ هه‌وڵی پارچە پارچەكردنی هه‌رێمی كوردستان له‌ لایه‌ن پڕۆژه‌یه‌كی گۆڕان و هاوسۆزانییه‌وه‌ راگه‌یاند و باوه‌ڕی وایه‌، بۆ ئەوه‌یانه‌ سه‌قامگیری و ئاسایشی هەرێم تێك بدەن و وەك شارەكانی دیكەی عێراقی لێ بكەن.



(وەحیدە یاقو هورمز) سەرۆكی فراكسیۆنی كلد سریان ئاشوور لە پەرلەمانی كوردستاندا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی رایگەیاند، ''كه‌ گوێم لەوە بوو گۆڕان ئەو داوایە دەكات، واقم وڕ ما لایەنێكی سیاسی لە هەرێمی كوردستاندا ئەو داوایە لە حكومه‌تی عێراق بكات تا وەك بەغدا و شارەكانی دیكە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بكرێت!، خۆ ئەم داوایه‌ دژی دەستووری عێراقە، هەروەها به‌مه‌ دەیانەوێ هەرێمی كوردستان پارچە پارچە بكەن و ئەو ئەمن و ئاسایشەی لە هەرێمدا هەیە تێكی بدەن و وەك شارەكانی دیكەی عێراقی لێ بكەن.. ئێمە وەك لایەنێكی سیاسی دژی ئەو رەفتارەیان دەوەستینەوە و ئیدانەیشی دەكەین و قەبووڵیش ناكەین. چونكه‌ وا هه‌وڵێك لایەنێكی سیاسی بیه‌وێ بە تەنیا و بەبێ وەرگرتنی ڕای خەڵكی هەرێمی كوردستان بڕیارێكی لەو شێوەیە بدات، ناڕەوایە و ستاندنه‌وه‌ی مافه‌ له‌ خەڵكی هەرێمی كوردستان.''



سەرۆكی فراكسیۆنی كلد سریان ئاشوور لە پەرلەمانی كوردستان باوه‌ڕی وایه‌، کە لایەنێكی دەرەوەی هەرێم ئەوان پاڵ دەدەن و دەیانجووڵێنن بۆ تێكدانی ڕەوشی هەرێمی كوردستان، گوتیشی ''بە ئاشكرا دەیانەوێ سلێمانی لە هەرێمی كوردستان جیا بكەنەوە و بیگەڕێننەوە سەر (بەغدای مووچەبڕ)، بەڵام هەرگیز ئەو پیلانەیان سەرناگرێت، چونكە ئێستا نییە هەندێك خەڵك و هێزی سیاسیی كوردستان پیلانی جێبەجێكردنی سەربەخۆییی پارێزگاكان و گرێدانی بە ناوەندەوە دەكێشن، ئەوەش بۆ ئەوەیە بەغدا راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ سلێمانیدا بكات و هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی نەبێت بەسەر پارێزگاكانی خۆیدا.''



(وەحیدە یاقو هورمز) كه‌ نوێنه‌رایه‌تیی نه‌ته‌وه‌ی دیكه‌ ده‌كات له‌ په‌رله‌مانی كوردستاندا، ڕاشكاوانه‌ بۆچوونی خۆی ده‌رده‌بڕێ و ده‌شڵێ، ''گۆڕان خەڵكی هەرێمی كوردستان هان دەدات كە خۆپیشاندان بكەن و مامۆستایان نەچنە هۆڵەكانی خوێندن و منداڵانی پێشمەرگە لە خوێندن بێبەش بن، ئاخر ئه‌وان به‌مه‌ نیشانی ده‌ده‌ن كه‌ دەستیان لەگەڵ دوژمنی هەرێمی كوردستانە، باشه‌ كێ هه‌یه‌ نه‌زانێ ئەوەی ده‌یكه‌ن و ده‌یانه‌وێ بۆیان بچێته‌ سه‌ر لە بەرژەوەندیی خەڵكی هەرێمی كوردستاندا نییە؟، داوا لەو هەڵسوڕاوانە دەكەم پەشیمان ببنەوە له‌ هه‌وڵه‌كانیان كه‌ خزمه‌ت به‌ كوردستان و پێكهاته‌ ئایینه‌ جیاوازه‌كانی و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌ ناكات، چونكە به‌م هه‌وڵانه‌یان مێژوویەكی ڕەش بۆ خۆیان و حزبەكەیان تۆمار دەكەن.''
kdp-
Top