حزبی شیوعی: دابینکردنی بودجە تەنیا بۆ پارێزگایەک بە مەبەستی ھاندانی خەڵکە

 حزبی شیوعی: دابینکردنی بودجە تەنیا بۆ پارێزگایەک بە مەبەستی ھاندانی خەڵکە
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعی کوردستان، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەو قەوارەی بەناوی ھەرێمی کوردستان ھەیە، لە ڕووی و یاسایی و دەستووریەوە مامەڵەی فەرمی لەگەڵ دەکرێت، جیاکردنەوەی شارێکیش لە کوردستان ھیچ ئەنجامێکی نابێت.

ھەندرێن ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعی کوردستان، ڕایگەیاند: "ھەرێمی کوردستان ھەم ئیرادەیەکی نیشتمانی خەباتی تێکۆشانی گەلی کوردستانە، ھەم بابەتێکی دەستووریە کە دەستوور ئەو پرسەی لە ماددەی ١١٧ یەکلاکردوەتەوە و ھەرێمی کوردستان وەک قەوارە ناسێنراوە".

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی شیوعی، ئەوەشی خستەڕوو: "ھەرکەسێک قسە لەسەر ئەم دروشمە بکات، وەک بانگەشەی ناوچەگەری دەیکات، لە ڕووی واقعی و نیشتمانییەوە مساوەمەی لەسەر ناکرێت، ھیچ پاشگەزبوونەوەیەک لە مافە دەستووریەکانی کوردستان ناکەین".

ھەندرێن ئەحمەد، ئەوەشی ڕوونکردەوە: "جۆرێک لە ململانێی ھەیە، کە پرسەکانی ناوخۆی بۆ ململانێی سیاسی بەکار دەھێنرێت، بابەتی مامۆستایان و فەرمانبەران مافێکی ڕەوایە، دەبێت حکوومەت بەدەنگ خەڵکەوە بێت، بەڵام ناکرێت ڕەھەندی دیکەی بدرێتێ، کە پەیوەستە بە خەباتی نیشتمانی و نەتەوەییـ ئەمە بابەتێکە دەبێت ھەنگاو بنێین بۆ ئامانجی باڵاتر و سەربەخۆی".

گوتیشی: "ئەگەر بابەتەکە ناردنی بودجەی پارێزگایەک بێت بۆ تێکدانی دۆخی سیاسیی کوردستان، نووری مالیکی، لەماوەی سەردەمی حووکمرانی خۆی، بەردەوام بوو لەسەر بڕینی پشکی بودجەی کوردستان، ئەم سیاسەتە سەکەوتوو نەبوو، دابینکردنی بودجەی بۆ پارێزگایەک بەو شێوەی ئێستا باسدەکرێت زیاتر لە لێدوانی ڕۆژنامەوانی ھاندانی خەڵک دەچێت و ئەنجامی نابێت".











باسنیوز
Top