قایمقامی شنگال: لەسەر پارەکەی بەغدایان کێشە لەنێو پەکەکە دروست بووە
پاش ئەوەی حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزێکی ئێزدییەکانی نزیک لە بەغدا بە ماڵپەڕی فەرمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی ڕاگەیاند: “لە مانگی 12ی ساڵی 2014ەوە تا مانگی 3ی 2015 لە بەغدا هاوکاریمان وەرگرتووە”. مەحما خەلیل، قایمقامی شنگال، ڕایگەیاند: “ئێمە ئاگادارین لە ڕابردوودا پارە لە بەغداوە هاتووە و لە شنگال دابەش کراوە بەسەر هێزەکانی پەکەکە، بەتایبەت لە مانگی 11-12ی ساڵی ڕابردوو”.
ئەوەشی ئاشکرا کرد: “زانیاریمان هەیە کە هێزەکەی پەکەکە گرفتیان لەنێودا دروست بووە و بوونەتە دوو بەرەوە، تا ئەو ئاستەی بەشێکیان وەک شاند بۆ بەغدا ناردووە و سکاڵای خۆیان بە بەغدا گەیاندووە”. ڕوونیشی کردەوە کە نیگەرانیی پەکەکە لەوەیە خەڵکێکی زۆر وەک خۆبەخش شەڕیان کردووە و بڕیاربووە بەغدا بەردەوام مووچەیان بۆ بنێرێت، بەڵام ئێستا گرفتیان بۆ دروست بووە.
باسنیوز
