نووسەرێکی بەناوبانگی عەرەب: بارزانی دەوڵەتی کوردستان دروست دەکات
عەبدولباری عەتوان، نووسەری ناوداری عەرەب لە میانەی وتارێکدا، کە لە ماڵپەڕی (رەئیلیەوم) بڵاو کراوەتەوە، رایدەگەیەنێت، وتارەکەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە باشیک، ”زۆر ترسناکە“ و رەنگدانەوەی ویست و داخوازییەکانی خۆی بوو بۆ دروستکردنی دەوڵەتی کوردستان.
عەبدولباری عەتوان ئاماژەی بەوە داوە، کە مەسعود بارزانی، وەک مستەفا بارزانیی باوکی و رابەری شۆڕشی رزگاریخوازی گەلی کوردستان، لەوە دڵنیایە یەکێک لە کێشە هەرە زەقەکانی بەردەم سەربەخۆیی کوردستان، ”عێراقێکی بەهێزە“، بۆیە هەوڵی بێهێزکردنی ئەو وڵاتە دەدات.
ئەو نووسەرەی عەرەب پێیوایە چەند خاڵێک لە وتارەکەی بارزانی، پلانی داهاتووی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات بۆ سەربەخۆیی کوردستان و دابەشکردنی عێراق:
- جەختکردنەوەی بارزانی لەوەی پرسی سەربەخۆیی کوردستانی لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق تاوتوێ کردووە.
- هەروەها جەختکردنەوەی لەوەی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا رێککەوتوون لەسەر نەکشانەوەی پێشمەرگە لە ناوچە کوردستانییە رزگارکراوەکانی پارێزگای نەینەوا.
عەبدولباری عەتوان لە وتارەکەیدا باسی لەوەش کردووە، کە مەسعود بارزانی لەگەڵ حکوومەتی ئەمریکا رێککەوتووە دوای کۆتایی هێنان بە داگیرکاریی رێکخراوی توندڕەوی داعش، دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دروست بکات.
عەتوان ئاماژە بەوەش دەکات، کە خۆی پێشتریش گوتویەتی، پێشمەرگە، کە هاوپەیمانی بڕواپێکراوی ئەمریکایە، بەشداریی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ ناکات ئەگەر بەڵێنی گەڕاندنەوەی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی پارێزگای نەینەوای بۆ سەر نەخشەی هەرێمی کوردستان، وەرنەگرتبێت.
ئەو نووسەرەی عەرەب پێیوایە ئەمریکا، پشتکردنی لە رێککەوتنی سیڤەر لە ساڵی 1920 و لەناوبردنی خەونی سەربەخۆیی کوردستان لەو کاتەدا، بە یارمەتیی هاوپەیمانە ئەوروپییەکان بۆ هەرێمی کوردستان قەرەبوو دەکاتەوە و باسی لەوەش کردووە، کە ئەوە ئەو کاتە دەرکەوت، کە ئەمریکا لەنێوان دوو بژاردەی کورد یان تورکیا لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی شاری رەققە، کوردی هەڵبژارد.
عەتوان هەروەها رایگەیاندووە، کە قسەکانی مەسعود بارزانی ”زۆر گرنگ“ بوون و پێویست بە لێوردبوونەوە و شیکردنەوە دەکات.
لە رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشووری کەرکووک لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کرا.
باسنيوز
