سه‌روتار.. ڕێسه‌ بێئاكامه‌كه‌ی نه‌وشیروان و ماڵی برایم ئه‌حمه‌د وه‌ك هه‌میشه‌ ده‌بێته‌وه‌ خوری

  سه‌روتار.. ڕێسه‌ بێئاكامه‌كه‌ی نه‌وشیروان و ماڵی برایم ئه‌حمه‌د وه‌ك هه‌میشه‌ ده‌بێته‌وه‌ خوری

لە تۆمارە دەنگییەكەیدا كە مێژووەكەی بۆ پێش سەختبونی قەیرانی بێ موچەیی دەگەڕێتەوە و هەموو خەڵكی كوردستان بیستییان، نەوشیروان مستەفا بە راشكاوی دەلێت( سلێمانی جیادەكەینەوە و دەیكەینە موحافەزەیەكی سەر بە بەغدا) .


هەوڵی بێ ئاكامی بزوتنەوەی گۆڕان و ماڵی برایم ئەحمەد بۆ جیاكردنەوەی سلێمانی هیچ پەیوەندییەكی بە موچەوە نییە و بە هیچ جۆرێك موچە بۆ خەڵكی سلێمانی ناگێڕێتەوە، بەستنەوەی ئەم ئامانجە سیاسییە كۆنەیان بە كێشەی تازەی موچەوە تەنیا بۆ ئەوەیە خەڵكی سلێمانی بكەنە شەریكی ئامانجە سیاسییەكەیان كە دوولەت كردنی كوردستانێكە كە مەسعود بارزانی موخالیفیان سەرۆك و باڵادەستییەتی. ئەم هەوڵە بە هیچ جۆرێك موچە ناگێڕێتەوە بۆ سلێمانی چونكە:


- داهاتی سلێمانی (كە بڕیارە بدرێتە عەببادی و بۆیان بكاتە موچە و دوبارە بۆیان بگێڕێتەوە) لە ئەسڵدا له گیرفانی ماڵی برایم ئەحمەد و گۆڕاندایە نەك عەببادی. مەبەستیان بوایە بێ عەببادی و بەغدا، راستەوخۆ موچەی خەڵكیان پێدەدا .


- هەرێم قەوارەیەكی دەستوری و سیاسی و یاساییە و هەرگیز بەغدا ناتوانێ نادیدەی بگرێ و راستەوخۆ لەگەڵ سلێمانی مامەڵە بكات.


- بەغدا خۆی لە قەیراندایە و لە یەدەگی بانكی مەركەزیی عێراق و قەردی دەرەكی موچەی هاوڵاتیانی خۆی دابین دەكات و چاوەڕوان دەكرێ لە چەند ساڵی داهاتودا گەر نرخی نەوت بەرزنەبێتەوە، بێ موچەیی كوردستان، باقی عێراقیش بگرێتەوە.


- بەغدا دەستی لەوە شوشتوە كوردستان دووكەرت بكرێ و دەزانێ كوردستان بەرەو چی هەنگاو دەنێ و بۆیەش وەك قەوارەیەكی سەربەخۆی ئایندەیی مامەڵەی لەگەڵ دەكات و تازە تەماع لەم جۆرە سازشكارییەی گۆڕان و ماڵبات ناكات.


راستە خەڵكی سلێمانی لە قەیرانێكی جدییدان، جیا لەوەی لە ئێستادا وەك باقی كوردستان بێ موچەن، پێشتریش لە لایەن دەسەڵاتدارانی شارەوە دەرفەتی كار و كاسبییان لێزەوت كرابوو. ئەودەمەی هەولێر و دهۆك دەبوژانەوە و دانیشتوانەكەی لە خۆشگوزەرانیدا بوون و توانیشیان دوو پول بۆ رۆژی رەش پاشەكەوت بكەن، سلێمانی و دەوروبەری لە سایەی مافیا بەدەسەڵاتەكانیەوە، بێ خزمەت و بێ بازاڕ و بەشخوراو بوو. بەڵام سەرباری ئەوەش دواجار خەڵكی سلێمانی رێگەنادەن كوردستان دوو كەرت بكرێ. خودی ئەوان ریسی جوداخوازەكان دەكەنەوە بە خوری و رۆڵی پێشەنگایەتی كوردایەتی بەبەری شاردا دەكەنەوە و لەو بارمتەییە قورتاری دەكەن.


كوردستانیش لەو قۆناغە دەرچووە بە فیتی هێزێكی ئیقلیمی و بە دەسیسەی گروپێكی لۆكاڵی هەڵوەشێت و دووكەرت بێت. كوردستان لە پێگەیەكدایە نەك هەر خۆی، ئاشتی جیهانییش دەپارێزێ و چەقی بەڕێوەچوونی سەركەوتوانەی شەڕی جیهانە لە دژی تیرۆر و لە ئایندەشدا ئەم رۆڵەی وەك پێداویستییەكی ستراتیجی بۆ جیهان و ناوچەكە لە شكلی قەوارەیەكی بەهێز و پشتیوانكراودا بەردەوامی دەبێت.


هەموو ئەوەی ئێستا روودەدات و خۆی لە هەوڵی جیاكردنەوەی سلێمانیدا دەنوێنێ، هیچ نییە جگە لە دوایین هەوڵی بێئاكامی ئێران بەر لەوەی ئیدارەی ئەمریكا بكەوێتە دەستی كۆمارییەكان و دەستی لە ناوچەكەدا كورت بكرێتەوە.


تەنیا ئەوەی دەمێنێ و جێی ئەسەفە: پەنجا ساڵە كورد بۆ گێڕانەوەی كەركوك بۆ سەر كوردستان خەبات دەكات، كەچی ئەم گروپە ناپاكە دەیانەوێ سلێمانی بخەنەوە سەر بەغدا !!!
HAWLER-
Top