سەرۆک بارزانی لەگەڵ کەسایەتیی و پیاو ماقوڵانی پێکھاتەکانی باشیک کۆبۆوە

سەرۆک بارزانی لەگەڵ کەسایەتیی و پیاو ماقوڵانی پێکھاتەکانی باشیک کۆبۆوە


ئەمڕۆ "مەسعود بارزانی" سەرۆکی ھەرێمی کوردستان سەردانی شارۆچکەی تازەئازادکراوی باشیکی کرد و لەکۆبوونەوەیەکی جەماوەرییدا لەگەڵ کەسایەتی و پیاوماقوڵانی سەرجەم پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی ئەو شارە کۆبۆوە و وتارێکی پێشکەشی ئامادەبووان کرد.



لە سەرەتای وتارەکەیدا سەرۆک بارزانی سوپاسی پێشمەرگە قارەمانەکانی کرد و ڕای گەیاند سەری گەلەکەتان بەرز کرد و ئێستا نزیکی تەواوی خاکی کوردستان لەدەست تیرۆریستانی داعش پاک کراوەتەوە.



سەرۆک بارزانی شاری باشیکی وەک تابڵۆیەکی جوانی کوردستان وەسف کرد کە شانازیی پێوە دەکەین و تیایدا نەتەوەی جیا، ئایینی جیا و مەزھەبی جیا ھەموو برایانە پێکەوە دەژین و ئەوە ئەو کوردستانەیە کە دەمانەوێ و پێشمەرگە خوێنی خۆی بۆی ڕشت کە ھەموو تاکێک لەو وڵاتەدا ئازادە چی بیروباوەڕێک بۆخۆی ھەڵبژێرێت و چی دین و مەزھەبێک بۆخۆی ھەڵبژێرێت و لەھەر نەتەوەیەک بێت، پێش ھەموو شتێک ئێمە لەو وڵاتەدا خوشک و برای یەکین.



سەرۆک بارزانی ھەروەھا گوتی: ئەوە ئەو تابڵۆ جوانەیە کە ئێمە شانازیی پێوە دەکەین، مەلا لە مزگەوت بانگ دەدات، لە کڵێسەکانەوە زەنگ لێ دەدرێت و ئێزدییەکانیش لە پەرستگە پەرستشی خۆیان بەجێ دەگەیەنن. ئەوە ئامانجی ئێمەیە و ھەر واش دەمێنێتەوە. پێشمەرگە خوێنێ خۆی ڕشت بۆ ئەوەی خاکی کوردستان ڕزگار ببێت و ئەو بەھا مەزنانە بپارێزێت.



سەرۆک بارزانی گوتیشی: زۆر کەس دەپرسن بۆچی دەبێت پێشمەرگە شەڕی مووسڵ بکات؟ لە وەڵامی ئەوانەدا دەڵێم تا مووسڵ ئارام نەبێت، ئاسایشی ھەرێمی کوردستان مەترسی لەسەر دەبێت.



ھەروەھا گوتی: چارەنووسی مووسڵ بۆ ئێمە زۆر گرینگە چونکە پێش ھاتنی داعش ٣٠٠ ھەزار کورد لە مووسڵ دەژیان.



لە درێژەی قسەکانیدا سەرۆک بارزانی گوتیشی: ئێمە رێککەوتنمان لەگەڵ ھاوپەیمانان و عێراق ھەیە و ئەو ھێڵەی ئێستا ھەیە و پێشمەرگەی تێدایە، ئەوە پاشەکشێی لێ ناکرێت و ئێمە جارێکی دیکە ناھێڵین ئێوە ئاوارە ببنەوە و ئەو رێککەوتنانەی کراون و ئەوەشی دەکرێت دەبێت چارەنووسی ئێوە زامن بکات.



ئاماژەشی بۆ ئەوە کرد، لە سەرەتای ھاتنی داعشدا کەسانێک بوونە چاوساغ و ھاوکاری داعش، ئێستا ئەگەر ئەوانە بیانھەوێ بە ناوی ئاوارە رووبکەنە ئەو شوێنانەی پێشمەرگە رزگاری کردوون، ئەوا بە دڵنیاییەوە بە ھیچ شێوەیەک رێگە نادەین و ئەوانەی بوونە ھاوبەشی تاوانی داعش ھەمان چارەنووسی داعشیان دەبێت.



سەرۆک بارزانی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، ئەوانەی دەستدرێژی و تاوانیان لە دژی کچانی ئێمە ئەنجام داوە لە ھەر کوێ بن دەبێت باجی ئەو تاوانانە بدەن و تۆڵەیان لێ دەکرێتەوە.



سەرۆکی ھەرێمی کوردستان رووی کردە ئەو رێکخراوانەی کورد تۆمەتبار دەکەن بە تۆڵەکردنەوە، گوتی: ھەرێمی کوردستان زیاتر لە یەک ملیۆن و نیو ئاوارەی لە خۆ گرتووە، ئەوە بۆ لەبەرچاو ناگرن؟ ئەوان ھەرچۆن بیردەکەنەوە ئاساییە، بەڵام ئەوە سیاسەتی ئێمەیە و ئێمە بە ھیچ شێوەیەک رێگە بە تاوانباران نادەین بە ناوی ئاوارەوە بگەڕێنەوە ئەو ناوچانە.



سەرۆک بارزانی لە وتەکەیدا باسی لە پرسە ناوخۆییەکان کرد و گوتی: ھەندێک کەس ھەوڵیان دا کودەتا ئەنجام بدەن، من دوو پرسیاریان لێدەکەم، ئایا وەزعی پێش کودەتان باش بوو یان ئێستا، ئێوە چیتان بەدەست ھێنا و چیتان گۆڕی؟ چەندی دیکەش خۆتان ماندوو بکەن ھیچتان ‌دەست ناکەوێت و ئامۆژگاریتان دەکەم خۆیان ماندوو نەکەن و وەک پێشتر ھیچیان دەست ناکەوێت.



ھەروەھا گوتی: ئەگەر دەتانەوێت فەرموون، ھەمیشە ئێمە لەگەڵ چارەسەری ئاشتیانەداین، ئەگەر ھەر سوورن لەسەر کودەتا، عیلاجی کودەتا زۆرە و بە ھیچ جۆرێک زۆری ھیچ کەسێک قبوڵ ناکەین.



سەرۆک بارزانی رووی کردە ئەو لایەنانەی دڵسۆزی گەلن و ھەست بە بەرپرسیارێتی دەکەن و گوتی: ئێوە لەگەڵ ئەوانە مەبن کە ھیچ خەمی میللەتیان نییە، فەرموون ئێوە کۆببنەوە و بڕیار بدەن، ئەگەر نا، کات دەڕوات و ئێمەش چاوەڕوانی کەس ناکەین.



سەرۆک بارزانی باسی لەوەش کرد، ھەندێک گرەوەیان لەسەر ئەوە کردبوو کە دووبەرەکی لەنێوان پێشمەرگە دروست بێت، بەڵام خۆشبەختانە پێشمەرگەی قارەمان سەلماندیان کە کوڕی کوردستانن و لە بازنەی حزبایەتی دەرچوون و بەرگریی لە وڵاتی خۆیان و کەرامەت و ناموسی گەلی خۆیان دەکەن و بینیمان پێشمەرگە و رۆڵەی پارچەکانی دیکەی کوردستانیش بەیەکەوە خوێنیان لە یەک سەنگەر تێکەڵ بوو و ئەوەش گەورەترین دەستکەوت و سەرکەوتنە بۆ کوردستان.



سەرۆک بارزانی گوتیشی: ھەندێک دەڵێن کوا سەربەخۆیی و راپرسی، لێرەوە دەڵێم سەربەخۆیی مافی رەوای کوردە، بەڵام ئەوە پرۆسەیەکە و پێویستی بە وتوێژ و گفتوگۆ ھەیە و لە سەردانی ئەم دواییەشدا بۆ بەغدا ئەوەمان باس کرد و خۆشبەختانە وەڵامی ئەرێنی ھەبوو، ئەوەش جێگەی دڵخۆشییە، ئەوە پرۆسەیەکە ئێمە دەستی لێ ھەڵناگرین و ئەگەر لەگەڵ بەغدا گەیشتینە رێککەوتن ئەوە ڕەنگە پێویست بە ریفراندۆم نەکات، ئەگەر پێویستیش بکات ئاسانتر دەبێ، بەڵام ئەگەر زانیمان ناگەینە رێککەوتن ئەوا ئێمە راپرسی خۆمان دەکەین.



ھەروەھا گوتی: ئەوانەی ئێستا دڵی خۆیان بەو بابەتە خۆش کردووە، وەڵامی من بۆیان ئەوەیە، ئەو لوغمانەی داعش داینابوون و پێشمەرگە ھەڵیگرتنەوە و کوردستانی پاک کردەوە، ئەو لوغمە سیاسییانەی ئێوەش لەسەر ڕێگای ئێمە داتان ناوە، زۆرمان ھەڵگرتنەوە و ئەوانی دیکەش ھەڵدەگرینەوە.



سەبارەت بە پرسی فیدراڵییەتی پارێزگاکان، سەرۆک بارزانی گوتی: ئەو خوێنەی تا ئەمڕۆ ڕژاوە ئاوا ئاسان نییە پشتگوێیان بخەین، تا ئەمڕۆ ١١ ھەزار و ٥٠٠ ئازیزی ئێمە شەھید و بریندار بوون، تازە بە تازە دەتانەوێ بگەڕێینەوە سیستەمی فیدراڵیزمی پارێزگا؟ ئێمە لە کاتی خۆیدا لەگەڵ برێمەر شەڕی ئەوەمان کرد، ئێمە ئەوکات شەڕی ئەوانمان کرد کە لەگەڵ بریمەر ویستیان پیادەی بکەن و قسە و ھەوڵی ئەوان سەری نەگرت، ئەمڕۆش ئەوەی ئەوان دەیکەن یاری کردنە بە خوێنی شەھیدان و مومکین نییە رێگەی پێ بدرێت.

PAYAMNER-
Top