بارزانی: چاوساغەکانی داعش هەمان چارەنووسی داعشیان دەبێت

 بارزانی: چاوساغەکانی داعش هەمان چارەنووسی داعشیان دەبێت
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە ئەوانەی چاوساغییان بۆ رێکخراوی توندڕەوی داعش لە داگیرکردنی ناوچە کوردستانییەکانی سنووری پارێزگای نەینەوا و کەرکووک کرد، هەمان چارەنووسی چەکدارانی داعشیان دەبێت.

رۆژی چوارشەممە 16ـی تشرینی دووەمی 2016، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە شارەدێی باشیک لە پارێزگای نەینەوا گوتارێکی بۆ زانایان و هاووڵاتییانی مەسیحی، تورکمان، عەرەب و کوردانی موسڵمان، شەبەک و ئێزدی پێشکەش کرد.

مەسعود بارزانی لە گوتارەکەیدا، ئاماژەی بەقارەمانێتیی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان کرد و رایگەیاند، پێشمەرگە بە رشتنی خوێنی خۆی بۆ رزگاری و بەهابەرزەکان، سەری گەلی کوردستانی بەرز کردووەتەوە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە شانازییەوە باسی ناوچە کوردستانییە رزگارکراوەکان کرد و رایگەیاند، هەموو خاکی کوردستان رزگار کراوەتەوە و بۆ چۆنێتیی بەڕێوەبردنی ناوچەکانیش، هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمریکا و عێراق لەسەر رێککەوتووە.

مەسعود بارزانی باسی رفاندنی کچانی ئێزدی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە کرد و رایگەیاند، ”لە هەر کوێی دونیا بن“ تۆڵەیان لێ دەکرێتەوە و ئاماژەی بەوەش کرد، کە لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئاوارەکان دەکرێت، کە بەهۆی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ ئاوارە دەبن و هەموو ئەوانەی دەدۆزرێنەوە، کە هاوکاری داعش بوون و لەگەڵ لاوازبوونی دەسەڵاتەکەیان، دەیانەوێ وەک ئاوارە خۆیان بگەیەننە کوردستان.

بارزانی هەروەها رایگەیاند، کە هەر کەسێک، ئەگەر کورد، عەرەب یان تورکمان بێت و لەگەڵ داعش بووبێ یاخود چاوساغیی بۆ رێکخراوەکە کردبێ، ئەوا تاوانبارە و ”دوژمنمانن“ و چارەنووسیان هەمان ئەو چارەنووسە دەبێ، کە چەکدارانی داعش لەسەر دەستی پیشمەرگە هەیانە.













باسنيوز
Top