ناوەندی بڕیار: باڵی دەستڕۆیشتوو و مالیکی پشتیوانی لە پڕۆژەکەی گۆڕان دەکەن
سەرچاوەیەکی باڵا لە ناوەندی بڕیاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاند: “ئەوەی پێشنیاری کردووە بەغدا ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ سلێمانی بکات، بزووتنەوەی گۆڕانە، لە کاتێکدا حاکم شێخ لەتیف کە پێشووتر گۆڕان بوو، بە ئاشکرا دەڵێت، ئەوەی گۆڕان پەنای بۆ دەبات نادەستوورییە".
ئەوەشی ڕوون کردەوە: "چۆن دەبێت حزبێکی کوردستان مامەڵە لەگەڵ دۆسیەیەک بکات کە زەمەنێکە کورد لەسەری خۆی بەکوشتن دەدات، ئەمە مەترسییە، ئەمڕۆ وتارێکمان بینوە گوایە کوردایەتی کۆتایی پێ هاتووە، کوردایەتی هیچ نەبووە، بۆیە ئەمە بەرەو سەرکێشی دەڕوات، لەڕووی ئەخلاقیشەوە هیچ لایەنێک بۆی نییە کورد بۆ پێش 100 ساڵ بگەڕێنێتەوە".
ئەوەشی ڕوون کردەوە: "هەوڵەکانی ئێستای گۆڕان خاڵی سەرەتایی نییە، هەوڵی زۆر جددی هەیە بۆ ئەوەی کورد بۆ بەغدا بگەڕێتەوە، بەتایبەت گرووپی مالیکی و لەلایەن بەشێک لە لایەنە عێراقییەکان و بەشێک لە یەکێتی، لەگەڵ ئەو ئاراستەن، بەتایبەت دەرکەوتنی پەرلەمانتارەکانی یەکێتی لەگەڵ ئارامی شێخ محەمەد، بۆیە لەناو یەکێتیش گرووپێک هەیە ئەمەی بەدڵە، چونکە دەیەوێت گشتگیری بکات بۆ پەردەپۆشکردنی کێشە ناوخۆییەکانی".
ئەو سەرچاوە باڵایە جەختیشی لەوە کردەوە کە بەغدا نایەوێت مامەڵە لەگەڵ هیچ پارێزگایەکدا بکات، چونکە پێویستی بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان هەیە، “پێشمەرگە لە میحوەرەکانی مووسڵ پێویستی بە بارزانی هەیە، ئەمەریکا ڕێککەوتنی کردووە، ناکرێت عەبادی موجازەفەی وابکات”.
لەبارەی ئەگەری پشتیوانیکردنی یەکێتی لە پێشنیارەکەی بزووتنەوەی گۆڕان، ئەو سەرچاوە باڵایەی ناوەندی بڕیاری یەکێتی ڕایگەیاند: "پشتگیری باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی لەو پڕۆژەیە، حزبەکە بەرەو شەقبوونی یەکجاری دەبات، چونکە یەکێتی لە هەموو شتێک دووشەق بووە، هەرچییەک دەکرێت، باڵی ناوەندی بڕیار و باڵی دەست ڕۆیشتوو دوو بۆچوونن".
باسنیوز
