لەبارەی پڕۆژەکەی گۆڕانەوە باڵی دەستڕۆیشتوو لەگەڵ فراکسیۆنەکەی لە بەغدا کۆدەبێتەوە و ناوەندی بڕیاری یەکێتی ئاگاداری کۆبوونەوەکە نییە

 لەبارەی پڕۆژەکەی گۆڕانەوە باڵی دەستڕۆیشتوو لەگەڵ فراکسیۆنەکەی لە بەغدا کۆدەبێتەوە  و ناوەندی بڕیاری یەکێتی ئاگاداری کۆبوونەوەکە نییە
باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەگەڵ فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆدەبێتەوە و بڕیارە باس لە پڕۆژەکەی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ مامەڵەی ڕاستەوخۆی بەغدا لەگەڵ سلێمانی بکرێت، ناوەندی بڕیاریش ئاگاداری کۆبوونەوەکە نییە.

بەپێی زانیارییەکان، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە (16\11\2016)، باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی بە ناوی مەکتەبی سیاسیی یەکێتییەوە، کۆبوونەوە لەگەڵ فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق دەکات.



لەمبارەیەوە فەرهاد قادر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی، ڕاگەیاند: “ئاگادارنین لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتییەوە کێ دێت و کێ بەشدار دەبێت، بەڵام ئاگادار کراوینەتەوە کە لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە کەرکووک کۆدەبینەوە”.



پێشتر شاڵاو عەلی عەسکەری، گوتەبێژی ناوەندی بڕیاری یەکێتی، ڕاگەیاندبوو: “هەر کۆبوونەوەیەک بەبێ ئاگاداری ناوەندی بڕیار بدرێت، شەرعیەتی هەموو یەکێتی نییە، بۆیە داوادەکەین مامەڵەی فەرمی لەگەڵ هیچ لایەنێک نەکرێت کە شەرعەتیان لەدەست دابێت”.



فەرهاد قادر ئەوەی ئاشکرا کرد کە ئامانج لە کۆبوونەوەکە، باسکردنە لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە کە بڕیارە بەم زوانە دەنگی لەسەر بدرێت، تەوەرێکی تر دواخستنی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانە بۆ ماوەی ساڵێک کە “ئێمە بەلامانەوە گرنگە لەماوە ئەمساڵەدا پلانێک دابنرێت بۆ ئەوەی کەرکووک لەو پرۆسەیە بێ بەش نەکرێت، جگە لەوەش گفتوگۆ لەسەر دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی دەکرێت، ھەرچەند ھەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕێندراوەکان ناگرێتەوە، بەڵام گرنگە ئاگاداری بین، هاوکات باس لە بابەتی دانانی بودجە بۆ ناوچە دابڕێنراوەکان بەتایبەت شەنگال و چەند ناوچەیەکی دیکە دەکرێت".

لەبارەی پڕۆژەی بزووتنەوەی گۆڕان کە باس لەوە دەکات، دەبێت بەغدا بە شێوەی ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ شاری سلێمانی بکات، فەرهاد قادر، دەڵێت: "هەرسێ فراکسیۆنی یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ قسەیان لەسەر ماددەی 10ی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2017 کردووە کە ئەو ماددەیە لە پرۆژە یاسای2015و 2016 هاتووە، هەرێم و بەغدا پابەند دەبن بەو ڕێککەوتنەوە، ئەوەی دیکەش بۆی هەیە پابەند نەبێت، بۆیە ئێمە دەمانەوێت ئەم ماددە وانەبێت، چونکە دووساڵە هیچمان لەو ماددەیە نەبینیوە”.


باسنیوز
Top