عەبدوڵای کوێخا موبارەک: سەیری کەناڵی KNN ناکەم ”لەدوای نەوشیروان مستەفاوە کەناڵی KNN گۆڕاوە و دەبێت چارەسەر بکرێت“

 عەبدوڵای کوێخا موبارەک: سەیری کەناڵی KNN ناکەم  ”لەدوای نەوشیروان مستەفاوە کەناڵی KNN گۆڕاوە و دەبێت چارەسەر بکرێت“
ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان ئاشکرای کرد، سەیری کەناڵی فەرمیی حزبەکەی ناکات و ئاشکرای دەکات کە سیاسەتی گۆڕان ئەوە نییە لە میدیاکەیەوە بڵاو دەکرێتەوە.



عەبدوڵای کوێخا موبارەک، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی و بەرپرسی مەکۆی چەمچەماڵی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕاگەیاند: من وەک خۆم سەیری کەناڵی (KNN) ناکەم، چونکە ئەو کەناڵە کە گوایە سیاسەتی بزووتنەوەی گۆڕان پیادە دەکات، بەڵام سیاسەتی گۆڕان ئەوە نییە کە میدیای گۆڕان بڵاوی دەکاتەوە”.



ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان ڕەخنەی توند ئاڕاستەی میادی بزووتنەوەی گۆڕان دەکات و دەڵێت: "میدیای گۆڕان مینبەرێکە بۆ بەخشینەوەی قسەی نەشیاو و ناوزڕاندنی کەسایەتییە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان، پێویستە میدیای گۆڕان ڕێز لە نازناوی ئەو کەسانە بگرێت کە خەڵکی شانازییان پێوە دەکەن، چونکە ناکرێت میدیای گۆڕان دوور لە ئەتەکێتی کاری ڕۆژنامەوانی، بەو شێوەیە قسەی نەشیاو بەکار بھێنێت".



جەختیشی لەوە کردەوە:" کەناڵی کەی ئێن ئێن زمانحاڵی بزووتنەوەی گۆڕانە، بێگومان ئەو کەناڵە سیاسەتی بزووتنەوەی گۆڕان پیادە دەکات، بەڵام سیاسیەتی گۆڕان ئەوە نییە کاتێک بەو شێوەیە کەناڵی کەی ئێن ئێن بڵاوی دەکاتەوە”.



عەبدوڵای کوێخا موبارەک ئەوەشی گوت: نەوشیروان مستەفا، پێش ئەوەی ھەرێمی کوردستان بەجێ بھێڵێت، بەردەوام چاودێری و سەرپەرشتیی کەناڵی کەی ئێن ئێنی کردووە، بێگومان ئەوکاتە ئەو کەناڵە بەو شێوەیەی ئێستا کاری نەکردووە کە قسەی نەشیاو بڵاو بکاتەوە، بەڵام دوای نەوشیروان مستەفا، کەناڵی کەی ئێن ئێن ئیھمال کراوە و دەبێت چارەسەر بکرێت".



عەبدوڵای کوێخا موبارەک، لە درێژەی لێدوانەکەیدا ئەوەشی ئاشکرا کرد: "خودی خۆم، سەیری کەناڵی کەی ئێن ئێن ناکەم، تەنھا سەیری چەند کەناڵێکی دیکە دەکەم، چونکە کەناڵێکە سەرنجم ڕاناکێشێ و ناچێتە دڵمەوە و ھیچ کات سەیری ناکەم".



دوێنێ سێشەممە 15\11\2016، تارێکی عەبدوڵای کوێخا موبارەکی بڵاو کردەوە کە تێیدا بە توندی ڕەخنە لە میدیای گۆڕان دەگرێت و ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو میدیایە بووەتە مینبەرێک بۆ قسەی نەشیاو.







باسنیوز
Top