سەرۆك بارزانی پلەیەکی سەربازیی باڵا بە دکتۆر سلێمان دەبەخشێت

سەرۆك  بارزانی پلەیەکی سەربازیی باڵا بە دکتۆر سلێمان دەبەخشێت
سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرمانێکی هەرێمی بڵاو دەکاتەوە و پلەیەکی سەربازیی باڵا بە شەهید دکتۆر سلێمان دەبەخشێت.



لە فەرمانە هەرێمییەکەدا، سەرۆك بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کوردستان رایگەیاندووە، فەرمانەکە لە رۆژی دەرچوونییەوە (لە 14ـی تشرینی دووەمی 2016) جێبەجێ دەکرێت.



سەرۆك بارزانی پاڵپشت بە بڕگەی 17ـی ماددەی 10ـی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ژمارە 1ـی ساڵی 2005، بڕیاری داوە پلەی (عەمید)ی سەربازیی بە شەهید دکتۆر سلێمان چروکایا ببەخشێت، لەگەڵ پێدانی مووچەی خانەنشینیی بە پلەی عەمیدی سەربازی بۆ میراتگرەکانییەوە.



سەرۆکی هەرێمی کوردستان هۆکاری ئەو بڕیارەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە، کە شەهید سلێمان ”خزمەتێکی نیشتیمانیی گرنگ“ی پێشکەشی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان کردووە.



چوروککایا رۆژی 26ـی تسرینی یەکەمی 2016 لەکاتی هەڵگرتنەوەی بۆمبێک، بریندار بوو، دواتر بۆ چارەسەری نێردرایەوە ئەڵمانیا و رۆژی 31ـی تشرینی یەکەم لە نەخۆشخانەیەکی ئەڵمانیا گیانی لەدەست دا و رۆژی یەکشەممە 6ـی تشرینی دووەم تەرمەکەی گەڕێنرایەوە شاری هەولێر و رەوانەی کوردستانی باکوور کرا بۆ ناشتنی.



سلێمان چروکایا هاووڵاتییەکی کوردستانی باکوور و دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیا بوو، لە سەرەتای هێرشی رێکخراوی توندڕەوی داعش بۆ سەر کوردستانی باشوور، وەک پێشمەرگەیەکی خۆبەخش چووە ریزی پێشمەرگە و بۆمب و تەقەمەنییەکانی داعشی پووچەڵ دەکردەوە.







باسنیوز
Top