نەجمەدین کەریم: بە هۆكاری سیاسی شەڕی موسڵ پێش حەویجە دەستیپێکرد

 نەجمەدین کەریم: بە هۆكاری سیاسی شەڕی موسڵ پێش حەویجە دەستیپێکرد
نەجمەدین کەریم رایدەگەیێنێت، هەندێک لەوانەی دەیانویست کەرکووک لەژێر دەستی بەغدا دەربهێنن، ئێستا دەڵێن با بەغدا سلێمانی بەڕێوەببات.

لە بەرنامەی "موسڵ لە چاوی واشنتندا" لە تەلەڤزیۆنی رووداو، نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووک باسی لە پرسی کۆنترۆڵکردنەوەی حەویجە و دواخستنی بۆ دوای شەڕی موسڵ و كێشە نێوخۆییەكان كرد.

نەجمەدین کەریم، كە هاوكات ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانی كوردستانە، سەبارەت بە تۆمەتبارکردنیان لەلایەن هەندێک لە ئەندامانی پارتەکەی خۆی بەوەی بیرۆکەی بەهەرێمکردنی کەرکووک پلانێکی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە، گوتی "ئەوە راست نییە، ئەوەی ئەو تۆمەتانە دروستدەکات ئەسڵەن خۆی راستناکات، با بزانین ئەو کەسانە، کە ئەو قسانە دەکەن چیانکردووە بۆ ئەوەی کەرکووک بگەڕێتەوە سەر هەرێمی کوردستان".

نەجمەدین کەریم گوتیشی "لەلایەکی دیکەوە، کاتێک ئەو بیرۆکەیە باسی لێوەکرا، مەکتەبی سیاسی پارتی، یەکێتی و گۆڕان بەیاننامەیان دەرکرد، کۆبوونەوە و گوتیان دەبێت کەرکووک بگەڕێتەوە سەر هەرێمی کوردستان، بەڵام ئێستا هەندێک لەو خەڵکانە دەبینین، دەڵێن با بەغدا سلێمانی بەڕێوەببات، واتە دەیانەوێت هەرێمی کوردستانیش تێکبدەن، بۆیە جۆرێک دووڕوویی لەو قسانەدا هەیە".

لەبارەی شەڕی حەویجە، پارێزگاری کەرکووک رایگەیاند "ئێمە لەگەڵ ئەوەدابووین پێش ئۆپەراسیۆنی موسڵ، حەویجە ئەنجامدرایە، چونکە حەویجە بەر لە هاتنی داعش مەڵبەندێک بوو بۆ کاری تیرۆریستی بۆ نێو کەرکووک".

نەجمەدین کەریم دەشڵێت، حەویجە لە دوای 2003ـوە یەکێکە لە شوێنە گرنگەکان، کە بەعسییەکانی سەددام و قاعیدە و ئەنسارولسوننە لەوێن، دوای هاتنی داعشیش لەژێر ئاڵای داعش ماونەتەوە.

بەبڕوای پارێزگاری کەرکووک بازدان بەسەر حەویجە و چوون بۆ موسڵ، بابەتێکی سیاسییە، "موسڵ شارێکی گەورەیە، رزگارکردنی موسڵ و دەرکردنی داعش لە موسڵ بە سەرکەوتنێکی گەورە بۆ ئەمریکا ئەژمار دەکرێت".

نەجمەدین کەریم دەشڵێت "بڕوای تەواویشم هەیە پێشخستنی پرۆسەی موسڵ پەیوەندی بە سیاسەتی ئەمریکا و هەڵبژاردنەکان و گۆڕانکارییەکانەوە هەبووە، ئۆباما دەیەوێت پێش تەواوبوونی وادەی سەرۆکایەتییەکەی موسڵ کۆنترۆڵبکرێتەوە".

سەبارەت بە هەبوونی زیاتر لە 500 هەزار ئاوارە لەنێو کەرکووک و کاریگەرییان لەسەر دیمۆگرافیای شارەکە، نەجمەدین کەریم پێیوایە، دەبێت ئەو ئاوارانە بگەڕێنەوە شوێنەکانیان. "هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، ئێمە قبوڵ ناکەین لە دیالەوە بڕیاربدرێت كە ئاوارەكان نەگەڕێنەوە".

نەجمەدین کەریم ئاماژە بەوە دەكات، "ئەگەر ئەمانە خەڵکی خراپن، با بگەڕێنەوە دیالە و لەوێ لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکرێت، بەڵام لەبەرئەوەی لە تائیفەیەکن رێگەیان لێبگیرێت، ئەوە قبوڵ ناکرێت".

پارێزگاری کەرکووک رەخنەش لە هەردوو رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ) و چاودێریی مافەكانی مرۆڤ (هیومان رایتس وۆچ) دەکات و دەڵێت "لەبری ئەوەی هێرش بکەنە سەر ئیدارەی کەرکووک و پێشمەرگە، با بچن لەگەڵ بەرپرسانی دیالە و بابل و سەلاحەدین قسە بکەن و بزانن بۆچی لێناگەڕێن ئەو خەڵکانە بگەڕێنەوە شوێنەکانیان".







رووداو
Top