داعش 10 درهه‌می زیو به‌و چه‌كدارانه‌ى ده‌دات كه چه‌كی كیمیاوى به‌كار ده‌هێنن
له‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ى داعش كه به‌م دواییانه له‌لایه‌ن هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌وه له ناوچه‌ى باشیك له سنوورى پارێزگاى نه‌ینه‌وا، ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه، ئاشكرا ده‌كرێت، داعش پاداشتى داناوه بۆ ئه‌و چه‌كدارانه‌ى له شه‌ڕه‌كاندا چه‌كی "كیمیاوی" له ڕێگه‌ى هاوه‌ن و مووشه‌كه‌وه به‌كار ده‌هێنن.
ماڵپه‌رى “vocative” ئاشكراى ده‌كات، هێزه‌كانى پێشمه‌رگه ده‌ستیان به‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك به‌ڵگه‌نامه‌دا گرتووه، كه به "گه‌نجینه‌یه‌كی گه‌وره" وه‌سف كراوه و تیایدا ئه‌و پاداشتانه‌ى داعش ئاشكرا ده‌بێت كه بۆ چه‌كداره‌كانى دایناوه.
سه‌رچاوه‌كه به ماڵپه‌ره‌كه‌ى ڕاگه‌یاندووه، ڕێكخراوى داعش له‌و به‌ڵگه‌نامانه‌دا ئه‌وه‌ى بۆ چه‌كداره‌كانى خستووه‌ته‌ڕوو، كه 10 درهه‌می زیو، ده‌كاته به‌رامبه‌ر نزیكه‌ى 5 دۆلار ده‌دات به‌هه‌ر چه‌كدارێكى له‌كاتى شه‌ڕه‌كاندا مووچه‌ك یان هاوه‌ن به‌كار بهێنێت و غازى خه‌رده‌ل و كلۆر و جۆره كیمیاوییه‌كانى یدكهى پێوه‌بێت.
له ڕاپۆرته‌كه‌دا، ئه‌وه‌ش هاتووه، كه ئه‌و تۆماره داراییانه‌ى داعش، كه‌ناڵى سكاى نیوزى به‌ڕیتانیا بڵاویانی كرده‌وه و له‌وباره‌یه‌وه، ئه‌یمه‌ن جواد تمێمى، شاره‌زا له كاروبارى گرووپه جیهادییه‌كان، جه‌ختی له ڕاستیی به‌ڵگه‌كان كرده‌وه.
ماڵپه‌ره‌كه له‌سه‌ر زارى تمێمى ئه‌وه‌ى گواستووه‌ته‌وه، كه چه‌كداره‌كانى داعش له ئێستادا ته‌نها 50 دۆلار وه‌كو مووچه وه‌رده‌گرن، جگه له ده‌رماڵه‌ى هاوسه‌ر و منداڵ، ئه‌وه‌ش واده‌كات پێویستییان به‌و جۆره پاداشتانه ببێت.
به‌ڵگه‌كان ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كه‌ن، كه داعش جگه له هاندانى چه‌كداره‌كانى بۆ به‌كارهێنانى چه‌كى كیمیاوى، هاوكات له تۆماره داراییه‌كه‌دا پاداشتى بۆ ئامانجى دیكه‌ى داناوه.
له‌و به‌ڵگانه كه له 14ى ته‌مووزى 2016 ده‌رچوون، هاتووه :"هه‌ر چه‌كدارێك یان یه‌كه سه‌ربازییه‌كه‌ى، ده‌توانێت 10 دینارى زێڕى ده‌ست بكه‌وێت (ده‌كاته نزیكه‌ى 1400 دۆلار) له‌به‌رامبه‌ر خستنه‌خواره‌وه‌ى هه‌ر فڕۆكه‌یه‌ك، هه‌روه‌ها 7 دینار (ده‌كاته نزیك 1000 دۆلار) له‌به‌رامبه‌ر تێكشكاندنى هه‌ر تانكێك، نرخى كوشتنى قه‌ناس بهدهستێكیش یه‌ك دیناره (145 دۆلار)، به‌و مه‌رجه‌ى به‌ڵگه‌ى ڤیدیۆیی هه‌بێت".
لیستى پاداشته‌كه‌ى داعش به‌م شێوه‌یه‌ی لاى خواره‌وه‌یه:
فڕۆكه، كۆپته‌ر، فڕۆكه‌ى بێ فڕۆكه‌وان، تانك، پاداشته‌كه‌ى 7 دینارى زێڕه.
تانك، 7 دینارى
ئۆتۆمبیلی زرێپۆش، پاداشته‌كه‌ى 4 دینارى زێڕه.
ئامڕازه‌كانى دیكه‌ى گواستنه‌وه، 2 دینارى زِێر.
قه‌ناس به‌ده‌ست، یه‌ك دینارى زێڕ له‌گه‌ڵ به‌ڵگه‌ى ڤیدیۆیی، یان ئه‌گه‌ر شایه‌ت هه‌بوو پاداشته‌كه‌ى نیو دیناره.
لێدانى هه‌ر ئامانجێكى به‌رامبه‌ر، یه‌ك درهه‌مى زیوه، به‌مه‌رجى بوونى تۆمارى ڤیدیۆ.
به‌كارهێنانى چه‌كى كیمیاوى له‌ڕێگه‌ى مووشه‌ك و هاوه‌نه‌وه، پاداشته‌كه‌ى 10 درهه‌مى زیوه.
كوشتنى هه‌ر سه‌ربازێك، 10 درهه‌مى زیو.
ده‌ستگیركردنى هه‌ر سه‌ربازێك، یه‌ك درهه‌مى زیوه.
bas news-
