لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنی گەیارەوە زیاتر لە ٦٧ ھەزار ئاوارە روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە
لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی موسڵ لە ١٧ تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ تائێستا زیاتر لە ٣٦,٦٠٩ کەس ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوونە و لە کەمپەکانی خازر و حسن شام و زێلکان نیشتەجێ کراون و دەکاتە ٧٨% کۆی ئاوارەکانی موسڵ و دەوروبەری.
ناوەندی ھاوبەشی ھەماھەنگی قەیرانەکان رایگەیاند رۆژانە زیاتر لە ھەزار کەس خۆیان دەگەیینە سەنگەرەکانی پێشمەرگە و دواتر بۆ ناوچە ئارامەکان دەگوازرێنەوە و لە کەمپەکان نیشتە جێ دەکرێن.
ھەر لە سەرەتای دەستپێکی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی گەیارە لە مانگی ئاداری ٢٠١٦ زیاتر لە ٣٣,٠٠٠ کەس لە ناوچەکانی گەیارە، شەرگات و حاجی عەلی ئاوارە بوون و لە کەمپی دیبەگە نیشتەجێ کران ئەو ژمارەیەش دەکاتە ٨٤% ئاوارەکانی ئەو ناوچانە و رۆژانە زیاتر لە سەد کەس ئاوارە دەبن و لەو کەمپەکان نیشتەجێ دەکرێن.
کۆی گشتی ئەو ئاوارانەی لەماوەی ھەردوو ئۆپەراسیۆنی گەیارە و چوار ھەفتەی یەکەمی ئۆپەراسیۆنی موسڵ ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوونە، دەگاتە زیاتر لە ٦٧,٠٠٠ کەس، کە لە دانیشتوانی ناوچەکانی باکووری پارێزگای سەڵاحەدین (قەزای شڕگات)، باشووری موسڵ و دواتر لە ناوچەکانی دیکەی دەوروبەری موسڵ و بەری چەپی شارەکە پێک دێت.
پاش قەیرانی سوریا لە ساڵی ٢٠١١ و ھاتنی داعش بۆ عێراق لە ساڵی ٢٠١٤ چەندین شەپۆلێکی گەورەی ئاوارە و پەنابەر روویان لە ھەرێمی کوردستان کرد، کە دواترینیان لە ماوەی چوار ھەفتەی یەکەمی ئۆپەراسیۆنی موسڵ بووە و تا ئێستا١,٤١١,٣١٤ ئاوارەی ناوخۆی عێراق و ٢١٦,٨٦٠ پەنابەری سوری لە ھەرسێ پارێزگای ھەولێر و دھۆک و سلێمانی نیشتەجێ کراون، بە جۆرێک کە ٤٠% ئاوارەکانی عێراق و ٩٧% پەنابەرانی سوریا لە عێراق، لە ھەرێمی کوردستانن.
ناوەندی ھاوبەشی ھەماھەنگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان بە ھاوبەشی لەگەڵ ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و لایەنەکانی دیکەی پەیوەندیدار کار بۆ نیشتەجێکردنی ئەو ئاوارانە دەکات کە لە میانەی ئۆپەراسیۆنی موسڵ ھانای خۆیان بۆ ھەرێمی کوردستان دەھێنن.
payamner-
