لە داھاتی نەوت مووچەی ٨ ھەزار مامۆستای میلاکی ھەرێمی کوردستان له کەرکووک دەدرێت

لە داھاتی نەوت مووچەی ٨ ھەزار مامۆستای میلاکی ھەرێمی کوردستان له کەرکووک دەدرێت
بەمەبەستی پشتیوانییکردنی ئەو ٨ ھەزار مامۆستایەی لەسەر میلاکی ھەرێمی کوردستانن و لە کەرکووک کاردەکەن و لەئەنجامی رێک نەکەوتنی ھەولێر و بەغدا و بەھۆی قەیرانی داراییەوە ناتوانن مووچەکانیان بە رێک و پێکی وەربگرن، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکەدا بڕیاری پێدانی مووچەی ئەو مامۆستایانە لە نەوتی کەرکووک درا.



سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، "رێبوار تاڵەبانی" لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە بابەتەکە رایگەیاند: ''٨ ھەزار مامۆستا و کارمەند کە ماوەی ١٠ ساڵە لە خوێندنگە و دامەزراوەکانی دیکەی پەروەردە و فێرکردندا کاردەکەن و لەئێستادا ناتوانن مووچەکانیان لەکاتی خۆیدا و بەشێوەیەکی رێکوپێک وەربگرن، بەمەبەستی پشتیوانییکردن لێیان لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی پارێزگادا بابەتەکەمان تاوتوێ کرد. پاشان پێشنیازەکانمان خستە دەنگدانەوە و بڕیاری ئەوەمان پەسەند کرد کە مووچەی ئەو کارمەند و مامۆستایانە بدەین کە بەردەوامن لەسەر کارەکانیان و ژمارەیان ٨ ھەزار کەسە''.



رێبوار تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکرد کە ماوەی دوو ساڵە بوودجەی نەوتی کەرکووکیان لەلایەن بەغداوە نەدراوەتێ و گوتی: ''لەوبارەیەوە ئێمە وەک پارێزگای کەرکووک کراوینەتە قوربانی و بوودجەی نەوتمان نادرێتێ. دوای ئەوەی کە مووسڵ کەوتە دەستی داعش و نەوتی کەرکووک لەڕێگەی ھەرێمی کوردستانەوە ھەناردەکرا، تا ئێستا ٨ ملیۆن دۆلارمان لەحکوومەتی ھەرێم وەرگرتووە. لەمەودوا لەو داھاتەی وەریدەگرین لەپاڵ پرۆژەکانماندا ئەو مامۆستایانەش سوودمەند دەبن کە لەسەر میلاکی ھەرێمی کوردستانن و لەکەرکووک کاردەکەن''.



تاڵەبانی باسی لەوەکرد، بەمەبەستی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ژمارەیەک لیژنە پێکدەھێنن و رایگەیاند ''بۆ ئەوەی پرۆسەی خوێندن لە کەرکووک تووشی کێشە و گیروگرفت نەبێت، لیژنەیەکی تایبەت لە لیژنە پەیوەندیدارەکانی ناو ئەنجوومەنی پارێزگا پێکدێت و لەکورتترین ماوەدا پشتیوانیی ماددیی مامۆستایان دەکرێت''.

payamner-
Top