سهرۆك بارزانی: هەرێمی كوردستان ئامادەیە پەیوەندییەكانی لەگەڵ كرواتیا فراوانتر بكات
سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی)، ڕۆژی سێشەممە 15ـی 11ـی 2016 لە سەڵاحەددین، پێشوازی لە (ئیڤان یوریچ) باڵیۆزی كرواتیا لە عێراق كرد.
لە دیدارێكدا باڵیۆزی كرواتیا لە عێراق ستاییشی خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستانی كرد لە پێناو ئازادیدا و ئەوەی خستە ڕوو كە، زۆر بە باشی هەست بە ویست و هیوای خەڵكی كوردستان و ئەو بەها و قوربانیدانە دەكات كە گەلی كوردستان بۆ گەییشتن بە ئازادی و ڕزگاری بەخشیویەتی.
لە بەشێكی تری گوتەكانیدا باڵیۆزی كرواتیا هێمای بە قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگە دا لە شەڕی دژی تیرۆریستان و ڕایگەیاند، پێشمەرگە یەكەم هێز بوو كە ڕووبەڕووی تیرۆریستانی داعش وەستا و سەركەوتنی بەدەست هێنا. هەروەها پابەندبوونی وڵاتەكەیشی بۆ پشتیوانی هێزی پێشمەرگە و گەلی كوردستان دووپات كردەوە و ئامادەیی كرواتیایشی ڕاگەیاند بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی لە بواری ئابووری و گەشتوگوزار و كەرتەكانی تر.
لە بەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) ڕێز و پێزانینی خۆی بۆ خەبات و قوربانیدانی گەلی كرواتیا بۆ گەییشتن بە سەربەخۆیی نیشان دا و سوپاسی گەل و حكوومەتی كرواتیایشی كرد كە لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا هاوكاری پێشمەرگە بوونە و پشتیوانییان لە گەلی كوردستان كردووە و ڕایگەیاند، هەرێمی كوردستان ئامادەیە پەیوەندییەكانی لە بواری جۆراوجۆر لەگەڵ كرواتیادا فراوان بكات.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا باس لە بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕی تیرۆریستان لە مووسڵ و سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی كرا.
پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و ئاییندەی كوردستان، تەوەرێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیە بوو.
kdp-
