کوێت ژمارەیەک ئەمبوڵانس بۆ هەولێر دەنێرێت
رۆژی سێشەممە 15ـی تشرینی دووەمی 2016، عومەر ئەلکیندەری، کونسوڵی گشتیی کوێت لە هەرێمی کوردستان بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، کە ناردنی ئەو ئەمبوڵانسانە، کە ژمارەیان دیاری نەکراوە، لەچوارچێوەی هەڵمەتی ”کوێت لەگەڵتانە“یە.
عومەر ئەلکیندەری ئاماژەی بەوەش کردووە، کە سەرەڕای ژمارەیەک ئەمبوڵانس، کۆمەڵێکی کەلوپەلی پزیشکیش کەسەر داوای سەباح ئەحمەد، میری کوێت، بۆ هەرێمی کوردستان نێردراون.
ناردنی ئەو ئەمبوڵانس و کەلوپەلە پزیشکییانە بۆ شاری هەولێر بۆ هاوکاریکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، بۆ گرنگیدانی زیاتر بە ئاوارە عێراقییەکان بە تایبەت ئاوارەکانی شاری مووسڵ، کە بەهۆی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ تاوەکو ئیستا نزیکەی 30 هەزار هاووڵاتیی ئاوارەبوون و چاوەڕێی زیاد بوونی ئەو ژمارەیەش دەکرێت.
هەرچەندە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەهۆی نەناردنی بەشە بودجە لە بەغداوە تووشی قەیرانێکی سەختی دارایی بووە، بەڵام هەروەک بەرپرسان رایدەگەیەنن، زیاتر لە 1.5 ملیۆن هاووڵاتیی عەرەبی خەڵکی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بەهۆی ململانێی تائیفی و شەڕی داعشەوە، ئاوارەی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە بوون.
لە رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشووری کەرکووک لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کرا.
باسنيوز
