بەرپرسێکی یەکێتی: دۆخی نێوان گۆڕان و یەکێتی ئاڵۆز دەبێت

 بەرپرسێکی یەکێتی: دۆخی نێوان گۆڕان و یەکێتی ئاڵۆز دەبێت
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، نیگەرانە لە قسەی چەند پەرلەمانتارێکی بزووتنەوەی گۆڕان و داوادەکەن کۆبوونەوەیەکی خێرا بۆ راگرتنی هێرشی ڕاگەیاندن بکرێت، سەرکردەیەکی یەکێتیش دەڵێت: "قسەی هەندێک لە پەرلەمانتارانی گۆڕان بەقسەی گۆڕان نازانین".



بەهۆی لێدوانی چەند پەرلەمانتارێکی بزووتنەوەی گۆڕان، کێشە لەبەردەم رێککەوتنی یەکێتی و گۆڕان دروست دەبێت. لەمبارەیەشەوە ئەحمەد قەدەفەری، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی شارەزووری یەکێتی، ڕاگەیاند: “دۆخەکە بە جۆرێک ئاڵۆزبووە، یەکێتی و گۆڕانیش توانای کۆنترۆڵکردنی دۆخی ڕێککەوتنەکەیان نەماوە، کەسیش ناتوانێت رێگری لە ئەندام و کادیرەکانی بکات کە لێدوانی ڕۆژنامەنووسی نەدەن”. ڕوونیشی کردەوە: “قسەکردن لەنێوان گۆڕان و یەکێتی بە پێچەوانەی یەکترەوە دۆخەکەی ئاڵۆزترکردوە، خراپتریش دەبێت، چونکە لەسەر گەڕانەوەی سلێمانی بۆ بەغدا، بیروبۆچوونی حیاوازتر لەناو هەردوولا هەیە".



ئەمڕۆ سێشەممە 15\11\2016، عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، گوتی: داهاتی مانگانەی سلێمانی، 40 ملیۆن دۆلارە و نانێردرێتەوە بۆ هەولێر". هاوکات، بەشێک لە هەڵسوراوانی گۆڕان داوای ڕوونکردنەوە لە یەکێتی دەکەن، تاوەکوو پارەی داهاتی سلێمانی ئاشکرا بکەن.



لەمبارەیەوە عەتا سەراوی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕاگەیاند: کەسانی وەک عەلی حەمەساڵح، دۆست و دوژمنی خۆیان ناناسن، بۆیە قسەکانیان بەقسەی گۆڕان وەرناگرین".

لەبارەی دروستبوونی ناکۆکی لەنێوان گۆڕان و یەکێتی، لەسەر پرسی گەڕانەوەی سلێمانی بۆ بەغدا، دەڵێت: "لەناو هەموو کورددا کێشە هەیە، ئاساییە ئێمەش بیروبۆچوونی جیاوازمان هەبێت".

بەپێی زانیارییەکان ، بزووتنەوەی گۆڕان داوای لە یەکێتی کردووە، کۆبوونەوەیەکی خێرا بۆ راگرتنی هێرشی ڕاگەیاندن بکات، بەڵام قەدەفەری دەڵێت: "ئاستەمە ئەم کۆبوونەوە بکرێت، چونکە دۆخەکە ئاڵۆزە".







باسنیوز
Top