دەستەی نەزاھەی کوردستان داوای پاسەپۆرتی بیانیی بەرپرسە باڵاکان دەکات

 دەستەی نەزاھەی کوردستان داوای پاسەپۆرتی بیانیی بەرپرسە باڵاکان دەکات
دەستەی نەزاھەی کوردستان داوای پاسەپۆرتی بیانیی بەرپرسە باڵاکانی حکوومەت دەکات و ئەندامێکی داواکاری گشتیش ئاشکرای دەکات، ئەو پرسە پێوەندیی بە لێکۆڵینەوە لە داھات و گەشتکردنەوە ھەیە.



بەپێی نووسراوێکی دەستەی نەزاھەی ھەرێمی کوردستان، کە بە ژمارە ١٢١ لە ١٦ی ١٠ دەرچووە و داوای پاسەپۆرتی بیانیی بەرپرسە باڵاکانی حکوومەت دەکا.



لەو نووسراوەی دەستەی نەزاھە، کە بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی کوردستان رەوانە کراوە، ھاتووە: "داواکارین گشتاندنێک بکرێت بۆ وەزارەتەکانی حکوومەتی ھەرێم، بۆ ئەو بەڕێزانەی پلەی باڵایان ھەیە لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتەکان، ھەڵگری پاسەپۆرتی بیانین، وێنەیەک لە لاپەڕەی یەکەمی پاسەپۆرتەکەیان و (personal number) ھەر یەکێکیان بۆمان بنێرن.



بەپێی نووسراوەکەی ئەنجومەنی وەزیران، دەبێت لەم مانگەدا ئەو داواکارییەیان جێبەجێ بکرێت.



لە لای خۆیەوە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی کوردستان بە نووسراوێک داوای لە سەرجەم فەرمانگەکان کردووە کە داواکارییەکەی دەستەی نەزاھە جێبەجێ بکەن.



موشیر رەشید، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کاروباری یاسایی لە دەستەی نەزاھەی کوردستان راگەیاند، دەیانەوێت ھەموو ئەو فەرمانبەرانە دەستنیشان بکەن کە ھەڵگری پاسەپۆرتی بیانین، گوتی: "بەپێی بەرنامەیەک دەمانەوێت ئامار و زانیاری کۆ بکەینەوە لەسەر ئەو بەرپرسە باڵایانەی حکوومەت کە جگە لە پاسەپۆرتی عێراقی، ھەڵگری پاسەپۆرتی تری بیانین".



ئەوەی خستە ڕوو، مەبەستیانە لە داھاتوودا سوود لەو ئامار و زانیارییانە وەربگرن، بۆیە داوایان لە حکووومەت کردووە وێنەیەک لە پاسەپۆرتی ئەو بەرپرسە پلە تایبەتانەیان بۆ بنێرن.



دادوەر ھیوا، ئەندامی داواکاری گشتی و ئەندامی دەستەی مافی گشتی لە لێدوانێکدا رای گەیاند، داواکردنی پاسەپۆرتی بیانیی بەرپرسە باڵاکان، رێوشوێنێکە پێوەندە بە دادگاکان، گوتی: "داواکارکردنی پاسەپۆرت و پاسەپۆرتی بیانیی بەرپرسان کارێکە لە لایەن دادگاکان دەگیرێتە بەر، بە تایبەت بۆ ئەوانەی کە بە ھەر بابەتێکەوە بێت قەدەغەی گەشتکردنیان بۆ دەرەوە ھەیە".



ئەندامەکەی داواکاری گشتی روونی کردەوە، ئەو داواکارییەی دەستەی نەزاھە پێوەندیی بە شەفافیەت و پرسی لێکۆڵینەوە لە داھاتی بەرپرسانەوە ھەیە و رێوشوێنێکی باشە کە گیراوەتە بەر.










باسنيوز
Top