ڕاوێژکارێکی نەوشیروان مستەفا داوای جیاکردنەوەی دەڤەری سلێمانی دەکات

 ڕاوێژکارێکی نەوشیروان مستەفا داوای جیاکردنەوەی دەڤەری سلێمانی دەکات
راوێژکارێکی نەوشیروان مستەفا، داوای دابەشکردنی هەرێمی کوردستان دەکات و ئاماژە بەوە دەکات کە هەموو هەوڵەکان بۆ یەکخستنی هەردوو زۆنی زەرد و سەوز لە هەرێمی کوردستان بێ بەرهەم دەبن.



ڕێبین هەردی کە پێشتر خۆی بە ڕاوێژکاری نەوشیروان مستەفا ناساندووە، لە وتارێکیدا بە ناوی (شکستی یەک ئیدارەیی) کە لە ماڵپەڕی (ئاوێنە) بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە: ”یەکێک لە کێشە هەرە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان لەدوای ڕاپەڕینەوە کە تا هەنووکەش بەتوندی ماوە، ئەوەیە خەڵکی لەبەردەم یەک حوکمڕانیدا نین کە خەڵک خۆیان لەبەردەمیدا ببینن. خەڵک یەک حوکمڕانی نییە کە بەرپرسیاری بکات لەهەر دۆخێکی باش یان خراپ کە دێتە پێشەوە، بەڵکو لەبەردەم دوو زۆنی حوکمڕانیی جیاوازدایە کە لایەنگری هەر یەکێکیان، ئەوەی دیکە بە هۆکاری سەرەکی پێشهاتەکان دەزانێت“.



بە بڕوای ڕاوێژکارەکەی نەوشیروان مستەفا، ئێستا لە خراپترین دۆخەکانی پێکەوەژیانی “ئەم دوو زۆنە داین”، دەشڵێت: “دەبێت بە ڕاستگۆیانە دان بەوەدا بنێین کە توانای یەکخستنی ئەم دوو زۆنە بە تۆپزی، شکستی هێناوە و هەموو هەوڵێکیش بۆ زیندووکردنەوەی، جگە لە درێژکردنەوەی قەیرانی حوکمڕانی‌ و کێشەکانی، هیچی لێ بەرهەم نایەت”.



ڕێبین هەردی باسیشی لەوە کردووە کە هیچ یەکێک لە زۆنەکان ئامادەنین واز لە سوپا و لەشکری تایبەتیی خۆیان، دەسەڵاتی ئابووری‌ و ڕاگەیاندنەکانیان بهێنن‌.



جەختیشی لەوە کردووەتەوە: “لە دۆخێکی وادا، کاری ڕاست، جیابوونەوەی ئەم دوو زۆنەیە لە یەکدی‌ و ڕێکخستیان لەناو دوو هەرێمی جیاوازدا، لانیکەم بۆ ئەوەی خەڵکی هەریەک لەو زۆنانە بۆ یەکەمجار یەک حکومڕان‌ و بەرپرسیار لەبەردەمی خۆیاندا ببینن کە بتوانن بەرپرسیاری بکەن لەو پێشهاتنەی دێتە پێشێ”.



ڕاوێژکارەکەی نەوشیروان مستەفا لە کۆتاییدا داوا دەکات: “ئەم دوو زۆنە لە دوو هەرێمی جیاوازدا خۆیان ڕێک بخەن، نەک خۆیان‌ و خەڵکیش بە درۆی یەک ئیدارەیی‌ و یەک هەرێمییەک بخەڵەتێنن کە هەرگیز نەیتوانیوە یەک هەرێم‌ و یەک ئیدارەی یەکانگیر و تەندروست بێت”، وەک ئەو دەڵێت.









باسنيوز
Top