تورکیا یەپەگەی لەشارۆچکەی باب بۆردومان کرد

تورکیا یەپەگەی لەشارۆچکەی باب بۆردومان کرد

فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بە چڕی شارۆچکەی باب لە باکووری حەلەب بۆردوومان دەکەن، ھاوکات دوای ١٩ رۆژ وەستان، دەستیان بە بۆردوومانکردنی یەپەگە کردەوە و بنکەیەکی شەڕڤانانیان لە ناوچەی تەل ژیان کردە ئامانج.

سەرۆکایەتیی ئەرکانی گشتیی سوپای تورکیا راگەیێندراوێکی لەبارەی بۆردوومانەکە بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد، بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە ١٤-١١-٢٠١٦، بە فڕۆکەی ئێف ١٦، لە شارۆچکەی باب ١٥ بنکەی داعشیان بۆردوومانکردوون.

راگەیێندراوەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، دوای ١٩ رۆژ وەستان لە بۆردوومانکردنی یەکینەکانی پاراستنی گەل YPG، رۆژی دووشەممە بنکەیەکی شەڕڤانانیان لە ناوچەی تەل ژیان بۆردوومانکردووە.

نزیکەی ٣ ھەفتەبوو بەھۆی ناڕازیبوونی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا، تورکیا بۆردوومانکردنی یەپەگەی لە رۆژئاوای کوردستان راگرتبوو.

مەبەستی بۆردوومانکردنی بنکەکانی داعش لە شارۆچکەی ئەلبابی باکووری حەلەب، رێگەخۆشکردنی زیاتر و ئاسانکردنی پێشڕەوییەکانی ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریایە بۆ ئەوەی شارۆچکەکە کۆنترۆڵ بکەنەوە، کە نزیکەی ساڵێکە لەنێوان سوپای ئازادی سووریا بە پشتیوانی تورکیا، یەپەگە و سوپای سووریا کێشەی لەسەرە کێ کۆنترۆڵی بکاتەوە.
PAYAMNER-
Top