وه‌زيرى په‌روه‌رده: لاى ئێمە کواڵیتى خوێندن و ڕەهەندى پەروەردەیی پخوێندنى ئەهلی بنەماى سەرەکین
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه ڕێكه‌وتى(٢٠١٦/١١/١٤)ى زايينى، پشتيوان سادق وه‌زيرى په‌روه‌رده‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌رى پهيمانگه و قوتابخانە و باخچە ئه‌هلییەکانى شارى هه‌ولێر كۆ بووه‌وه.
له‌و كۆبوونه‌وه‌دا بەڕێوەبەرى پەیمانگە و قوتابخانە و باخچە ئەهلییەکان قسەى لەسەر هەماهەنگى هەموولایەک کرد و کورتەیەکى لەسەر ئەو ڕێنماییانە باس کرد کە بەڕێوەبەرایەتییەکەى لە هەشت بەش و حەفتاوحەوت بڕگەدا ڕێکى خستووە بۆ باشتر بەڕێوەچوونى کاروبارەکان.
پاشان بەڕێوەبەرى تەجهیزات لە وەزراتى پەروەردە باسى چاپى کتێب و پشکى پەیمانگە و قوتابخانە و باخچە ئەهلییەکانى کرد و چەند پێشنیار و ڕێکارێکى بۆ ساڵى نوێ خستنەڕوو.
کرۆکى سەرەکى کۆبوونەوەکە لە قسەکانى وەزیرى پەروەردە دا بوو کە باسى سياسه‌تى حكومه‌تى هه‌رێمى كرد بۆ به‌روپێشچوون و هاندان و پاڵپشتيى وه‌به‌رهێنان له بوارى په‌روه‌رده بەتایبەت لە لایەن کەرتى تایبەتەوە و لە ژێر ڕۆشنایی ياساى خوێندنى ئه‌هلى له هه‌رێمى كوردستان.
دکتۆر پشتیوان سادق گوتى: "ئێمە وه‌ك يه‌ك خێزان كۆ بووينه‌ته‌وه، خێزانێكى په‌روه‌رده‌يى کە هەموولامان خزمه‌تى په‌روه‌رده دەکەین وه‌ك سامانێكى مرۆيى گرنگ بۆ پێشكه‌وتنى كۆمه‌ڵگه. خوێندنى ئەهلیمان بە پێى یاسا و ڕێنمایی ڕێک خستووەتەوە ئەمە وەنەبێت بمانەوێت سنووردارى بکەینەوە، بە پێچەوانەوە بۆ باشترکردنى کواڵیتى خوێندنە لە قوتابخانە و پەیمانگە و باخچە ئەهلییەکاندا، چونکە خوێندنى ئەهلیش خزمەتى منداڵانى کورد دەکات.
وتیشی، ئێمە دەمانەوێت خوێندنى ئەهلى لە هەرێمى کوردستان کواڵیتییەکەى بەرز و بەرزتر ببێتەوە و دانەبەزێت و هەروەها وەک کایەیەکى بازرگانى ڕووت تەماشا نەکرێت، چونکە ناکرێت پەروەردە و تاوردروستکردن وەک یەک سەیر بکرێن، چونکە پەروەردە خەریکى دروستکردنى مرۆڤە بۆ ئەم وڵاتە".
وەزیرى پەرورەدە نمونەى پەروەردە و تەندرووستى وەک یەک هێنایەوە بۆ گرنگى بوارى دروستکردنى مرۆڤ چونکە "خوێندن و ته‌ندروستى دووڕهههندهى ئينسانى و نیشتمانین و ناکرێت بە سادە وەبەرچاو بگیردرێن و ئەگەر ئەم دووانەت باش نەبن ولات پێش ناکەوێت.هيوادارم ئه‌م قه‌يران و ناخۆشييه‌ى كه هه‌يه ببێته هۆى پێداچوونه‌وه و ڕيفۆرم و پابه‌ندبوون به ياسا و ڕێنماييه‌كان، هه‌نگاوى باش و كارى باشتر بكه‌ين. "
له كۆتاييدا وەزیرى پەروەردە دڵخۆشى خۆى دەربڕى به‌م كۆبوونه‌وه‌يه هيواى خواست كه‌وا زياتر گرنگى به بوارى په‌روه‌رده و فێركردن بده‌ن و هاركارى بوارى پەروەردە بن له هەرێمى کوردستان
PAYAMNER-
