حکومەتی ھەرێمی کوردستان سەبارەت بە تێکدانی خانووی عەرەبەکان وەڵامی راپۆرتی رێکخراوی ھیومان رایتس وۆچ دەداتەوه
لە شەشی نوڤەمبەری ٢٠١٦ ڕێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ ڕاپۆرتێکی لەژێر ناوی ھێزە کوردییەکان گوندە عەرەبنشینەکان دەکەنە ئامانج بڵاو کردووەتەوە، کە بێ ئینسافی بەرانبەر بە پێشمەرگە و لایەنگیریی تیرۆریستانی تێدایە و لە وەڵامی ڕاپۆرتی ئەم ڕێکخراوە ڕادەگەیێنین کە:
یەکەم: بە داخەوە ڕاپۆرتەکە زانیاری و ئەنجامگیری و لێکدانەوەی نادروست و لایەنگیری و حوکمی پێشوەختەشی تێدایە و بەھیچ شێوەیەک لەگەڵ واقعدا ناگونجێت.
دووەم: تایتێڵ و ناوەڕۆکی ڕاپۆرتەکە لەشوێن خۆی نییە و جێگەی سەرسووڕمانی ئێمەیە. ئەگەر سیاسەت و نەھجی ھەرێمی کوردستان دژایەتیکردنی عەرەب بێت ئەدی بۆچی ڕێگە دراوە ملیۆنێک و پێنجسەد ھەزار ئاوارەی عەرەب لە ھەرێمی کوردستان نیشتەجێ ببن. پرسیار ئەوەیە بۆچی لە ڕاپۆرتەکەیاندا باسی میوانداری و سینگفراوانیی خەڵکی کوردستان لەبەرانبەر سەدانھەزار ئاوارەی عەرەب ناکرێت کە ڕوویان لە شارەکانی ھەرێمی کوردستان کردووە.
سێیەم: ناکرێ ڕێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ بە ڕاپۆرتی لەم جۆرە ببێ بە پارێزەری داعش و زەمینەبۆ چاوپۆشیکردن لە تاوانی ئەو کەسانە ساز بکرێت کە دەستیان لەگەڵ داعش ھەبووە و تاوانی دژی مرۆڤایەتییان ئەنجام داوە و کچ و ژنی ئێزیدییان ڕفاندووە و کار بۆ بەخشینی داعشەکان بکرێت.پێشتر و ئێستا و لە ئاییندەیشدا ئەوە سیاسەتی ئێمە بووە و دەبێ، کە ئەوەی لەگەڵ داعش بێت چارەنووسی داعشی دەبێت و ئەوەی لە دەستمان دێت بۆ دژایەتیی تیرۆر و لەناوبردنی داعش و لایەنگران و ھاوکارەکانیان ئەنجامی دەدەین.
چوارەم: تەحەددا دەکەین ئەگەر تەنانەت یەک حاڵەتیش ھەبێ کە کەسێکی بێگوناە و مەدەنی بە ئەنقەست کوژرابێت، با ڕێکخراوەکە ئاماژەی پێ بکات و ئێمەیش ئامادەین بۆ ھەموو ئیجرائاتێکی پێویست.
پێنجەم: لە ماوەی دووساڵی شەڕدا تەنانەت یەک شوێنی سڤیلیش لە لایەن پێشمەرگە و ھێزە ھاوپەیمانەکان نەکراوەتە ئامانج. ئەو شوێنانەی شەڕی تێدا کراوە خەڵکی لێ نەبووە و تەنیا مۆڵگە و حەشارگەی تیرۆریستانی داعش بووە.
شەشەم: لەبری ئەوەی ڕێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ پشت بەو کەسانە ببەستن کە زانیاریی ھەڵە و چەواشەکارانەیان بۆ دەھێنن با بڕۆن گوێ لە خەڵکی عەرەبی ناوچە ئازادکراوەکان بگرن بۆ ئەوەی بزانن مامەڵەی ھێزی پێشمەرگە لەگەڵ ھاووڵاتیانی عەرەبی ناوچە ئازادکراوەکان بە چ شێوەیەک بووە.
لەم بارەیەوە لیژنەی ھەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە ئەنجوومەنی وەزیران ڕونکردنەوەی زیاتر دەدات وەک لە ھاوپێچدا ھاتووە ئەمە دەقەکەیەتی:
سەبارەت بە وێرانکردنی ئەم ناوچانەی کە لە راپۆرتەکاندا باس دەکرین و لە نزیکەوە ئاگادار بوون لە رەوشی ئەم ناوچانە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران لە رێکەوتی ٤/٤/٢٠١٦ بڕیاریدا بە دامەرزاندنی (لیژنەی دەرخستنی راستییەکان) بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە ناوەڕۆکی راپۆرتی رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ (HRW) و چەند لایەنێکی دیکە، کارەکانی سێ مانگی خایاند و لە میانەی کارەکانی لیژنەکە دەرکەوت کە خاپوور کردنی خانووەکان بەشێوەیەکی سەرەکی بۆ مینڕێژکردنی خانوو و شەقامەکان لەلایەن تیرۆریستانی داعش، رووبەرووبوونەوەی نێوان ھێزە ئەمنییەکان و داعش و بەکارھێنانی بەشێک لەو خانووانە وەک مۆڵگە لەلایەن داعشەوە بووە.
سەبارەت بە ناوچەی زوممار دەرکەوت کە وێرانکردن و خاپوورکردنی خانووەکان لە زوممار و دەوروبەری بە سێ قۆناغ بوو ئەوانیش: قۆناغی کۆنتڕۆڵکردنی زوممار لەلایەن داعش، قۆناغی بۆردوومانی، ئینجا قۆناغی کۆنتڕۆڵکردنەوەی زوممار لەلایەن پێشمەرگەوە، لە رۆژی ٢/٨/٢٠١٤ ناوچەی زوممار و ژمارەیەکی زۆر لە گوندەکانی کەوتنە ژێردەسەڵاتی داعش بۆیە سەنتەری زوممار بووە ئامانجی ھێزەکانی پێشمەرگە لە رێگای بۆمب بارانکردن بە چەکی قورس وەک موشەک و ھاوەن، چونکە لە زۆر لاوە لەلایەن ھێزی پێشمەرگە دەورە درابوو، دوای ئازادکردنەوەی زوممار و دەوروبەری لە سەرەتادا نەتواندرا وەک پێویست کۆنتڕۆڵی نیگەرانی و توڕەیی خەڵکی بکەن بۆیە لە ھەندێک شوێن کاولکاری روویداوە، ھەروەھا ھەندێکی دیکەش بە ھۆی کێشەی شەخسییەوە وێرانکراون بۆ نموونە وێرانکردنی خانووی ھاوڵاتیانی سڤیل لە گوندی (خانی خەراب) ئەم خانووانە بە بوونی ھاوسۆزی لەگەڵ داعش خراپکراون.
تا ئێستا لە سەنتەری شاری زوممار زیاتر لە ھەزار خانوو تێکدران بە ھۆکاری جیاجیا بەمشێوەیە: نزیکەی (٣٣٠) خانووی کارمەندانی ئاسایش، کادرانی حزبی و پۆلیس و لەشکەری لەلایەن داعشەوە تێکدراون و ھەموویان لە دادگا سکاڵایان تۆمار کردووە، دەوروبەری (٣٠٠) خانوو لە کاتی شەڕی نێوان ھێزی پێشمەرگە و داعش تێکدراون، (٢٨٠) خانوو بە ھۆی مینڕێژکردنیان دوای پاککردنەوەی تەقێندرانەوە.
زۆربەی ئەو شوێنانەی لە راپۆرتەکەدا باسیان لێوەکراوە کەوتوونەتە سەر ھێڵی تەماس وەک گوندی حەمەد اغا (گوندی عەرەب نشینە) و یەکەم ھێڵی تەماسە (١٢٠) خانووی بەھۆی شەڕو پێکدادان لەنێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و بۆردومانی داعش لە ١٥/٨/٢٠١٤ خاپوور کراون، ھەندێکیان لە ئەنجامی شەڕ بۆ نموونە گوندی (بەردییە) کە پێکھاتووە لە (١١٢٤) خانوو پێکھاتووە لەوانە (٨٣) خانوو بە ھۆی شەڕ خاپوور کراوە.
سەبارەت بە گەڕانەوەی خەڵکی ناوچەی زوممار تا ئێستا نزیکەی (٢٠٠٠) خێزان لە کورد و عەرەبی ناوچەکە لە موسڵ و لە وڵاتی سوریا ھاتوون و لە ناوچەکە نیشتەجێ کراون دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی دەزگا ئەمنیەکان و ھێزی پێشمەرگە، ھەروەھا لە فەرمانگە حکوومییەکانی ناحییەی زوممار نزیکەی ١٣٨ ھاووڵاتی عەرەب کار دەکەن ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە رێگری لە ھاتووچۆی خەڵکەکە ناکرێت. و بەشێک لە گوندەکان خەڵکەکەی پەیوەندییان بە داعشەوە کردووە و تێوەگلاون و ناتوانن بگەڕێنەوە لەوانە گوندی (ئەسکی موسڵ) کە نزیکەی (١٠٠) کەسیان چەکداری داعشن، گوندی ھزیمە (٤٠) کەسیان چەکداری داعشن،گوندی تەل زەھەب (٢٠) کەسیان چەکداری داعشن، ھەروەھا بەشێک لەو عەرەبانەی کە لە زوممار نیشتەجێن لە کاتی ڕزگارکردنیدا لەگەڵ داعشدا ڕۆیشتن بۆ نموونە دانیشتوانی گوندی (گرکاڤڕ) نزیکەی (٩٨%) یان پەیوەندیان بە ڕیزەکانی داعش کردووە و ئامادە نین بگەڕێنەوە، بەڵام ڕێگریان لێناکرێت.
لەلایەکی دیکەوە تیمەکانی ھەڵگرتنەوەی مین سەر بە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان دەستیان کرد بە ھەڵگرتنەوەی مین و تەقەمەنی لە شەقام، کۆڵانەکان، دوکان و بارەگا حکومییەکان، بەداخەوە ژمارەیەک پێشمەرگە بوونە قوربانی لە کاتی پاککردنەوەی ناوچەکە لە مین و تەقەمەنی، ھەروەھا ژمارەیەک خانووی پێکەوە گرێدراو تێکدران، ھەروەھا ھەندێک لە گوندەکانی ناوچەکە وەک (خراب التبن و خراب العاشق) تێک نەدراون سەرەڕای ئەوەی شەڕی زۆریان تێدا رووداوە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ئێستا نزیکەی (٨٠ %) خاوەن دوکان و ئەوانەی لە بازاڕدا کار دەکەن لە سەنتەری شاری زوممار و بەشێوەیەکی ئاسایی ژیانی رۆژانەی خۆیان دەکەن.
سەبارەت بە ناوچەی کەرکوک لە ھەندێک راپۆرتەکان باس لە چەند گوندێکی دەڤەری کەرکوک کراوە گوایە بە بلدۆزەر تێکدراون بێ ئەوەی ھیچ شەڕ و پێکدادانی تێدا رووبدات وەک گوندەکانی (گوبیبە، ادریس خزعل، ادریس خباز، بای حسن، مکتب خالد، ھندیەی کۆن، ھندیەی نوێ و چەند گوندێکی دیکە)، بە ڵام بەپێی قسەی خودی خەڵکی ناوچەکە بەشی ھەرەزۆری وێرانکاری خانووەکان لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان ھێزی پێشمەرگە و داعش و خۆحەشاردانی تیرۆریستیان داعش و بۆمبڕێژکردنی خانووەکانی لەلایەن داعش بووە و زیانێکی زۆریان بە گوندەکان گەیاندووە تەنانەت لەو خانووانەی کە داعش تەقاندویەتەوە ژمارەیەک پێشمەرگە شەھید و بریندار بوون.
گوبیبە یەکێکە لەو گوندانەی کە زۆر باس لە تێکدانی دەکەن، ئەوەی راستی بێت گوندی (گوبیبە) بەر لە شەڕ پێکھاتبوو لە (٢٠٠) ماڵ، لە سەردەمی رژێمی سەدام حوسێن ھەموویان (فدائی ێدام) بوون و دوای رووخانی رژێمی سەدام پەیوەندییان بە رێکخراوی تیرۆریستی (القاعدە)ـەوە کرد و بارەگای سەرەکییان لەوێ بوو، ئێستاش خەڵکەکەی ھاوکارییەکی زۆری داعش دەکەن و ھەر لەو گوندەوە (٦٥) رۆکێتی کیمیاوییان ھێنا بۆ ئەوەی لە سەنگەرەکانی پێشمەرگەی بدەن.
لەم گوندەوە خەڵکیان ئامادە کردووە و راھێنانیان پێکردوون سەبارەت بە چۆنیەتی خۆتەقاندنەوە. بەشی ھەرە زۆری خانووەکانی ئەم گوندە بە تەواوی رووخاوە لە ئەنجامی شەڕ لەو گوندەدا و داعش خۆیان تێیدا حەشاردابوو. کۆمەڵێک بەڵگەی ڤیدیۆیی لەبەردەستدایە کە چۆنیەتی رووخانی خانووەکانی ئەم گوندە دەردەخات.، بەڵام گوندی (بای حسن) سەرەڕای ئەوەی ژمارەیەک لە دانیشتوانی ھاوسۆزی داعشن و ھاوکارییان دەکەن، بەڵام خانووەکانیان تێکنەدراوە و چەند رێکخراوێک ھاتن سەردانیان کرد ھەرچەندە (٨) کەسی خۆکوژ خۆیان لەو گوندە حەشاردا بوو یەکێکیان ئەو تیرۆریست بوو کە تەقینەوەکەی (دبس) ی ئەنجامدا و لە دوای ھێرشی داعش بەشێک لە خەڵکی گوندی (بای حسن) ھاتن بۆ ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی ھەرێم و بەشێکی دیکەشیان خۆیان داعش بوون و ئێستا لە ریزەکانی داعشەوە شەڕ دەکەن.
گوندی (ادریس خزعل) لە (٨٤) ماڵ پێکدێت و لە ١/٢/٢٠١٥ لەلایەن ھێزی پێشمەرگەوە ئازاد کرا، یەکێکە لەو گوندانەی کە لە ئەنجامی شەڕەوە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، چونکە نزیکەی (٧٥ %)ی ماڵەکان تێکدراون، گوندی (ادریس خباز) نزیکەی (١٢٠) خێزان دەبین و لە دوای ھێرشی داعش بۆ سەر ناوچەکەمان خەڵکی گوندەکە ماڵی خۆیان جێ ھێشت و تەنیا چەند کەسێکی بەساڵاچوو لە گوندەکەدا مانەوە، دوای گەڕانەوە و ئەو شەڕەی کە روویدا لەو ناوچەیە (٧٠) خانوو تێکدران، ئەوانەی خانووەکانیان تێکدراوە ھەموویان گەڕاونەتەوە، گوندی ھندیەی نوێ ھیچ خانوویەکی تێکنەدرا، بەڵام دوای ئەوەی داعش ھێرشیان کردە سەر ناوچەکە پێشمەرگە لەو گوندە جێگیر بوون بۆ ئەوەی بەرپەرچی ھێرشەکانی داعش بدەنەوە و بە پێی قسەکانی خەڵکی گوندەکە ھێزە ئەمنییەکان پێشێلکارییان لەم گوندەدا ئەنجام نەداوە داعش ھەندێک خانووی تێکدابوو. ئێستا خەڵکی گوندی ھندیەی کۆن گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و ھیچ گرفتێکیان نییە.
بەشێکی دیکە لەو گوندانە ناوچەی شەڕن وەک (خالد) کە بەشی ھەرە زۆری خەڵکەکەی پەیوەندییان بە داعشەوە کردووە و بەشێکی خانووەکانیان تێکدراوە، چونکە لە ساڵی ٢٠١٤ لە (وحدە و سعد) ھێرشیان کردە سەر ھێزی پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەکانی تر، شەڕێکی گەورە روویدا و (٢٣) پێشمەرگە بە دیل گیراون، لە گوندی (تل الورد) شەڕێکی گەورە لە نێوان پێشمەرگە و تیرۆریستان لەو گوندە روویدا و تیرۆریستانی داعش تۆنێلێکیان ھەڵکۆڵی بە درێژایی (١٨٠) مەتر لەژێر قوتابخانەیەکی گوندی (تل الورد) و مەبەستیان بوو لەژێر ئەم تۆنێلەوە بێن بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە، لە گوندەکانی (سمایلاوە و منێوریە) بڕێکی زۆر (TNT) و مین دەستی بەسەردا گیراوە تەنانەت لە ھەندێک شوێن کارگەی درووستکردنی تەقەمەنییان ھەبووە. لەگوندی (سید خلف) یەک ترێلە کە بە (TNT) بۆمبڕێژکرا بەمەبەستی تەقاندنەوە دەستی بەسەرداگیرا، کە لەلایەن تیرۆریستانەوە ئامادە کرابوو.
ھەروەھا راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن ھەندێک لەو گوندانە ھیچ خەڵکی مەدەنی تێدا نەبوو و ئێستاش چۆڵن و خەڵکەکەی نەگەڕاونەتەوە بێ ئەوەی تێک بدرێن بۆ نموونە گوندی (مریەم بەگ) ھیچی تێکنەدراوە، بەڵام ئێستا کەسی تێدا ناژی، ھۆکاری نەگەڕانەوەی خەڵکەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە نزیکە لە ھێڵی تەماس و دەکەوێتە ناوچەی نێوان سەنگەرەکانی پێشمەرگە و پرۆژەی ئاودێری کە بە (مشروع ری ێدام) ناسراوە واتە لە پشت سەنگەرەکانی پێشمەرگەیە و زۆر جار لەلایەن داعشەوە بە ھاوەن بۆمب باران دەکرێ بۆیە گەڕانەوەی خەڵکەکەی زۆر زەحمەتە، چونکە لەلایەک ژیانیان دەکەوێتە مەترسی لە لایەکی دیکەشەوە کار و ئۆپەراسیۆنەکانی پێشمەرگە زەحمەتتر دەکەن، بە ھەمان شێوە گوندی (نھروان) کە ئەویش دەکەوێتە ھەمان ناوچەوە لە ئەنجامی شەڕدا وێران بووە و ئێستا کەسی تێدا ناژی.
ھەروەھا بۆ پاراستنی ژیانی ھاووڵاتیان زۆر جار ھێزە ئەمنییەکان داوا لە خەڵکەکەی دەکەن چۆڵی بکەن بۆ نموونە گوندی (مکتب خالد) بەشێکی خەڵکەکەی چوونەتە حەویجە یان ھاتوونەتە کەرکوک و بەشێکی دیکەشیان چوونەتە نێو داعش، لەم گوندەدا شەڕی قورس لە نێوان پێشمەرگە و تیرۆریستانی داعش روویداوە. ھەر لە گوندی (مکتب خالد)ــەوە تیرۆریستان (٤) ئۆتۆمبێلی بومبڕێژکراویان بۆ سەنگەرەکانی پێشمەرگە نارد ھەر دواتر رۆژی ٢٠/١١/٢٠١٥ لە رێگای ئەم گوندەوە ھێرش کرایە سەر گوندی (تل الورد). لە جاری دووەم ھێزە ئەمنییەکان ھێرشیان کردەوە نیو کاتژمێر بەر لە ھێرشەکە ھێزە ئەمنییەکان داوایان لە خەڵکی کرد گوندەکە چۆڵ بکەن بۆ ئەوەی ژیانیان پارێزراو بێت، چونکە پێشمەرگە بۆردومانی مۆڵگەکانی داعش دەکەن، جگە لەمە تیرۆریستانی داعش گشت خانووەکانیان وەک زنجیرەیەک بۆمبڕێژ کردبوو، ھەروەھا (٤-٥) ئۆتۆمبێلی مینڕێژکراویان تەقاندەوە کە بووە ھۆی وێران کردنی ژمارەیەکی زۆری خانووەکان.
لەلایەکی دیکەوە خەڵکی ژمارەیەک لە گوندەکان ھاوکاری داعشیان کردووە و لە کاتی ھێرشەکانیان پێشوازییان لێیان کردووە، لەوانە خەڵکی ھەردوو گوندی (قوتان و قاشقایا) لەو دوو گوندە مەفرەزەکانی داعش چەندین جار ھێرشیان کردۆتە سەر ھێزەکانی پێشمەرگە، ئەم دوو گوندەش لە بنەرەتدا گوندی تەعریب کراون و خاوەنە رەسەنەکانی کورد و تورکمانن و ئێستا داوای زەوییەکانیان و قەرەبوو کردنەوە دەکەن.
لە گوندی قوتان (٦٨) خانوو ھەبووە لەوانە (٣٢) تێکدراوە و ھۆکاری تێکدانەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە تیرۆریستانی داعش خۆیان تێدا حەشاردابوو و شەڕی پێشمەرگەیان کردووە و ئەو خانووانە بەشێوەیەک ئامادە کرابوون کە قەناس بە دەستەکانی داعش تێیاندا پێشمەرگەیان کردۆتە ئامانج بۆیە لە کاتی شەڕدا خانووەکان دووچاری وێران کردن بوونەتەوە بەھۆی بۆردوومانی سەربازییەوە. بۆیە ئێستا بەشێکی خەڵکەکەی لە کەمپەکان نیشتەجێ کراون و بەشێکی دیکەشیان روویان لە شاری کەرکوک کردووە بۆ سەلامەتی خۆیان و نەھێشتنی مەترسی لەسەر ھێزەکان لە بەرەکانی جەنگ. سەبارەت بە گوندی (قاشقایا) ھیچ خانووەکی تێکنەدراوە، بەڵام لەبەر ئەوەی رۆژانەی چەکدارانی داعش ھاتوونەتە نێو ئەو گوندەوە و بە زۆر ھەوڵیانداوە خەڵکی گوندەکەیان بۆ مەرامی سەربازی تایبەتی خۆیان بەکاریان ھێناوە، بۆیە بۆ دەرباز بوون لە کاریگەرییەکانی داعش لەسەریان بە رەزامەندی خەڵکی گوندەکە خۆیان گواستراونەتەوە بۆ کەمپەکان و بەشێکیان لە نێو شاری کەرکوکن.
PAYAMNER-
