سەرۆكی هەرێم: ئومێدمان وایە بەجیدی کار بۆ قۆناخی دوای داعش بکرێت
ئهمڕۆ دووشەممە لە سەلاحەدین مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئوسامە نوجێفی جێگری سەرۆک کۆماری عێراق و شاندێكی باڵای كوتلەی موتهحیدون لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كرد.
لە كۆبوونەوەكەدا كە ههریهك له فازڵ میرانی سكرتێر و دکتۆر ڕۆژ نوری شاوێس و هوشیار زێباری و ئازاد بەرواری ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەی بوون، دوا سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی سوپای عێراق لە پرۆسەی ئازادکردنی موسڵ و ناوچەكانی تر تاوتوێ كرا و هەماهەنگی و پلانی هاوبەشی سەربازیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بە بەرز نرخێندرا.
شاندی میوان پیرۆزباییان لە سەرۆک بارزانی و هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرد بۆ ئەو سەرکەوتنانەی لە شەڕی دژی تیرۆریستان وەدەست هاتوون و ڕایانگەیاند ئەگەر سەرکردایەتیی حەکیمانە و سەرکەوتووانەی سەرۆک بارزانی نەبوایە داعش بەو هەموو هێز و توانایەوە دوچاری ئەو شکستە گەورانە نەدەبۆوە و ناوچەکە چارەنووسێکی مەترسیداری دەبوو و بۆ قۆناخی دوای داعشیش کە زۆر هەستیارە چاومان لە ڕۆڵی گرینگ و سەرکردایەتیی بەڕێزیانە.
هەورەها سوپاسی حکوومەت و گەلی کوردستانیان کرد بۆ حەواندنەوەی ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەر و لیقەوماوان و ڕایانگەیاند کە هەرگیز ئەو هەڵوێستە لەیاد ناکەن.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند کە حەواندنەوەی ئاوارەکان پێویستی بە سوپاس و پێزانین نییە چونکە ئەوە نەهج و بەهای بەرزی خەڵکی کوردستانە.
سەبارەت بە قۆناخی دوای ئازادکردنی موسڵ و شکاندنی تیرۆریستان، سەرۆک بارزانی جەختی کردەوە کە بەر لە دەستپێکردنی پرۆسەی ئازادکردنی موسڵ چەندجارێک داوام کرد کە لەگەڵ پرۆسەی سەربازی پێویستە ڕێککەوتنێکی سیاسی هەبێت تا داهاتووی پێکهاتەکان پارێزراو بێت و هەموو ئەگەر و تەحەدیاتەکان لەبەرچاو بگیرێن، ئێستاش کە لیژنەی هەماهەنگی هەیە ئومێدمان وایە بەجیدی کار بۆ قۆناخی دوای داعش بکرێت و هەماهەنگییەک هەبێت کە ڕێگە لەدووبارەبوونەوەی کارەساتەکان بگیرێت.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە مێکانیزمەکانی هەماهەنگیی نێوان لایەنەکان کرا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو تەحەدیاتانەی دوای ئازادکردنی موسڵ دێنە پێش، بەجۆرێک کە سەقامگیری و ئارامی بۆ هەموو پێکهاتەکانی پارێزگاکە مسۆگەر بکرێت و ژیان و ماڵیان پارێزراو بێت و متمانەیان بۆ بگەڕێتەوە
PAYAMNER-
