شاندی باڵای کوتلەی المتحدون: ئەگەر سەرکردایەتیی حەکیمانە و سەرکەوتووانەی سەرۆک بارزانی نەبوایە داعش بەو ھەموو ھێز و توانایەوە دوچاری ئەو شکستە گەورانە نەدەبۆوە

شاندی باڵای کوتلەی المتحدون: ئەگەر سەرکردایەتیی حەکیمانە و سەرکەوتووانەی سەرۆک بارزانی نەبوایە داعش بەو ھەموو ھێز و توانایەوە دوچاری ئەو شکستە گەورانە نەدەبۆوە



ئەمڕۆ "مەسعود بارزانی" سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە "ئوسامە نوجێفی" جێگری سەرۆک کۆماری عێراق و شاندێکی باڵای کوتلەی المتحدون لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد.



لە کۆبوونەوەکەدا کە فازڵ میرانی سکرتێر و ڕۆژ نوری شاوێس و ھوشیار زێباری و ئازاد بەرواری ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەی بوون، دوا سەرکەوتنەکانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و ھێزەکانی سوپای عێراق لە پرۆسەی ئازادکردنی موسڵ و ناوچەکانی تر تاوتوێ کرا و ھەماھەنگی و پلانی ھاوبەشی سەربازیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بە بەرز نرخێندرا و شاندی میوان پیرۆزباییان لە سەرۆک بارزانی و ھێزی پێشمەرگەی کوردستان کرد بۆ ئەو سەرکەوتنانەی لە شەڕی دژی تیرۆریستان وەدەست ھاتوون و ڕایانگەیاند ئەگەر سەرکردایەتیی حەکیمانە و سەرکەوتووانەی سەرۆک بارزانی نەبوایە داعش بەو ھەموو ھێز و توانایەوە دوچاری ئەو شکستە گەورانە نەدەبۆوە و ناوچەکە چارەنووسێکی مەترسیداری دەبوو و بۆ قۆناخی دوای داعشیش کە زۆر ھەستیارە چاومان لە ڕۆڵی گرینگ و سەرکردایەتیی بەڕێزیانە.



ھەورەھا سوپاسی حکوومەت و گەلی کوردستانیان کرد بۆ حەواندنەوەی ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەر و لیقەوماوان و ڕایانگەیاند کە ھەرگیز ئەو ھەڵوێستە لەیاد ناکەن.



ھەر لەم کۆبوونەوەیەدا سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند کە حەواندنەوەی ئاوارەکان پێویستی بە سوپاس و پێزانین نییە چونکە ئەوە نەھج و بەھای بەرزی خەڵکی کوردستانە. سەبارەت بە قۆناخی دوای ئازادکردنی موسڵ و شکاندنی تیرۆریستان، سەرۆک بارزانی جەختی کردەوە کە بەر لە دەستپێکردنی پرۆسەی ئازادکردنی موسڵ چەندجارێک داوام کرد کە لەگەڵ پرۆسەی سەربازی پێویستە ڕێککەوتنێکی سیاسی ھەبێت تا داھاتووی پێکھاتەکان پارێزراو بێت و ھەموو ئەگەر و تەحەدیاتەکان لەبەرچاو بگیرێن، ئێستاش کە لیژنەی ھەماھەنگی ھەیە ئومێدمان وایە بەجیدی کار بۆ قۆناخی دوای داعش بکرێت و ھەماھەنگییەک ھەبێت کە ڕێگە لەدووبارەبوونەوەی کارەساتەکان بگیرێت.



ھەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە مێکانیزمەکانی ھەماھەنگیی نێوان لایەنەکان کرا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو تەحەدیاتانەی دوای ئازادکردنی موسڵ دێنە پێش، بەجۆرێک کە سەقامگیری و ئارامی بۆ ھەموو پێکھاتەکانی پارێزگاکە مسۆگەر بکرێت و ژیان و ماڵیان پارێزراو بێت و متمانەیان بۆ بگەڕێتەوە.
PAYAMNER-
Top