مەخمووری: ناکرێ ناکۆکیمان بخەینە خزمەت بەغداوە

 مەخمووری: ناکرێ ناکۆکیمان بخەینە خزمەت بەغداوە
سکرتێری یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، ئەگەر كورد لە ناوخۆیشیدا ناکۆکی ھەبێت، خۆ ناکرێ بۆ خزمەتی بەغدا بیقۆزێتەوە. ده‌شڵێت، هەر پڕۆژەیەک هەبێ تاكو بەغدا بە شێوەی پارێزگا مامەڵە لەگەڵ پارێزگاكانی ھەرێمدا بکات، هه‌ڵبه‌ت خزمەت بە ھەرێم ناکات و پێویستە رێی لێ بگیرێت.

(غەفوور مەخمووری) سکرتێری یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان ڕوونى كرده‌وه‌، ناوەندی سیاسی لە ھەرێمی کوردستاندا پەرش و بڵاوە، ئەمەش وایکردووە کە رای جیاواز دروست بێت و ھەندێک لایەن پێوەندی تاکلایەنە لەگەڵ بەغدا دروست بکەن، بۆیە پێویستە ھەموو لایەنەکان بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و یەکھەڵوێست بن بەرانبەر بە بەغدا.''

(مه‌خمووری) باوه‌ڕی وایه‌، ئەگەر بەغدا بەتەنیا مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکانی ھەرێمدا بکات، ئه‌مه‌ به‌ واتای دابەشبوونی ھەرێمی کوردستانه‌، زیاتر گوتی ''بە ڕای ئێمە پێویستە وەک یەک پاکێج پێوەندی لەگەڵ بەغدا ھەبێت نەک لە ئاستی حیزبی و، پێویستە لە ئاستی دامەزراوەیی بێ.''

ئه‌و جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، ''ئامانجی بەغدا تێکدانی دۆخی باشووری کوردستانە، لە سەردەمی (نووری مالیکی)یه‌وه‌ تائێستا بەغدا لەگەڵ ئەوەدایە ترازانێک لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دروست بکات و، زۆر وڵاتی درواسێیش لەسەر ئەو تەوەرە کاریان کردووە. ئەوەی ھەیە پێشووتر کاری لەسەر کراوە و تازە نییە، بۆیە پێویستە رووبەڕووی ئەو ھەوڵە ببینەوە.''

(غەفوور مەخمووری) به‌پێویستی زانی، ''ئێمە لە ناوخۆی کوردستاندا ئەگەر ناکۆکیشمان ھەبێت لەنێو خۆماندایە، بەڵام ناکۆکیی سەرەکی لەگەڵ بەغدایە، بۆیە پێویستە وەک یەک تیم بەرانبەر بەغدا بوەستین، نەک ململانێی ناوخۆیی بقۆزینەوە و بیخەینە خزمەتی بەغداوه‌.''

سکرتێری یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان ھەروەھا گوتی، ''پڕۆژەی مامەڵەکردنی بەغدا لەگەڵ پارێزگاکانی ھەرێمدا خزمەت بە ھەرێمی کوردستان ناکات و دەبێتە ھۆی لێکترازانی باشووری کوردستان، ئێمە تێیدا زەرەرمەند دەبین و کاریگەرییشی دەبێ لەسەر ئاسایشی نەتەوەییمان، بۆیە پێویستە ھەموو لایەنە سیاسییەکان رێگری لەم هەوڵە بکەن.''












KDP
Top