زانایەكی ئایینی: ڕازی نابین ببین بە كۆێلەی خەڵكێك و بگەڕێینەوە سەر بەغدا
مەلا (جیهاد بێسفكی)،: "لە دروستكردنی هەر مرۆڤێكدا خوای گەورە مافێكی پێ داوە، ئەویش مافی زمان و خاك و نەتەوەیە، ئەو پارچە زەوییەی بە ناوی هەرێمی كوردستان خوای گەورە بە جیاواز لە خاكی عەرەبی و عێراقی پێی بەخشیوین، بە ئارەزوومەندانە بووە و میللەتی ئێمە لكێندراوە بە دەوڵەتی عێراقەوە، هەروەك خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا فەرموویەتی ئێوەم بە میللەت میللەت دروست كردووە، بەڵام ئەوە مێژووە ئەو زۆڵمەی لە ئێمە كردووە كەوتووینەتە ژێر زۆڵمی زۆرداران، ئەوەیش بووەتە هۆكار بە درێژایی مێژوو كورد خوێنی ڕشتووە و قوربانیی داوە بۆ ئەوەی خۆی حوكمی خۆی بكات لە ژێردەستەیی رزگاری بێت، دوای خەبات و قوربانیدانێكی زۆر گەییشتووینەتە ئەو دەستكەوتەی خۆمان حوكمی خۆمان بكەین و جۆرێك لە سەربەخۆیی و كیانێكمان دامەزراندووە".
(بێسفكی) ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد: "گەڕانەوە بۆ بەغدا نە رێزگرتنە لە مافەكانی مرۆڤ و هەتا پێشێلكردنی ئەو مافانەیە كە خوای گەورە بە ئێمەی بەخشیوە وەك كورد، چونكە خوای گەورە لەگەڵ ئەوەیە مرۆڤ بە ئازادی بژیت، ئەوانەی ئەو پێشنیازەی گەڕانەوە بۆ بەغدایان كردووە، بێگومان دەیانەوێ جارێكی دیكە ببینەوە بە كۆێلەی خەڵكێكی دیكە، ئەوە چ بڕیارێكە دوای چەندین قوربانیدان و ماڵوێرانی بمانگەڕێننەوە بۆ سەر بەغدا، ئەوە پێچەوانەی خەبات و خواستی گەلی ئێمەیە، لەوەتەی كورد هەیە خەبات بۆ رزگاری و سەربەخۆیی خۆی دەكات، چۆن ئێستا ئەو خوێنی ئەو هەموو شەهیدە لەبیر بكەین و بڕیارێكی وەها بدەین، هەتا ئێستا خەبات و قوربانیدانی میللەتی كورد بۆ گەییشتن بە ئامانجی نەتەوەیی و نیشتیمانی هەر بەردەوامە و، من وەك مامۆستایەكی ئایینی و زانكۆ دژی هەر بڕیارێكی وەهام."
KDP
