ناوەندی بڕیاری یەکێتی بە پڕۆژەکەی گۆڕان و باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ڕازی نییە
پاش ئەوەی ڕۆژی شەممە 12\11\2016، ئارام شێخ محەمەد، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە سەر پشکی گۆڕان، پڕۆژەیەکی بۆ ماڵەکردنی ڕاستەوخۆی حکوومەتی عێراق لەگەڵ پارێزگای سلێمانی ئاشکرا کرد و چەند پەرلەمانتارێکی یەکێتیش کە سەر بە باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدن پشتیوانییان کرد. ئەمڕۆ دووشەممە، سەرچاوەیەکی بەرپرس لە ناوەندی بڕیاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکات، ڕایگەیاند: “ئێمە بە پڕۆژەکە ڕازی نین”.
ئەوەشی ڕوون کردەوە: “پڕۆژەکەی بزووتنەوەی گۆڕان زیان بە پێگەی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت و دڵی نەیار و دوژمنەکانمان خۆش دەکات”.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە چاوەڕێ دەکەن لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، هەڵوێستی فەرمیی یەکێتی لەبارەی پڕۆژەکەوە ڕابگەیەندرێت. گوتیشی: “ناکرێت یەکێتی لەسەر ئەم پرسە بێدەنگ بێت، ئارام شێخ محەمەد لە بەغدا لەناو عەرەب ڕەزیل و ڕیسوا کرا، ئێستا بێت و بڵێت دەبێت بەغدا مامەڵە لەگەڵ پارێزگایەکدا بکات، لە کاتێکدا چۆن ڕێگا دەدرێت شتی لەو شێوە بکرێت؟ کێ پێی گوتووە پەیامی لەو شێوە بڵاو بکاتەوە و خۆی بکاتە نوێنەری خەڵک؟".
باسنیوز
