نەجات حەسەن: باڵێکی یەکێتی لەگەڵ پرۆژەکەی گۆڕانن

 نەجات حەسەن: باڵێکی یەکێتی لەگەڵ پرۆژەکەی گۆڕانن
ئەندامێکی سەرکرایەتیی پارتیی دیموکراتی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات کە بەشێک لە یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، لەگەڵ پرۆژەکەی گۆڕانن، چونکە پێشووتر لەسەر هەندێک بابەت، لەڕێگای نامەوە عەبادیشیان ئاگادار کردووەتەوە.

نەجات حەسەن، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتیی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: "بەیاننامەکەی گۆڕان شتێکی تازە نەبوو، ئەوان ڕەفتارەکانی ڕابردوویان تەواوکەری ئەو دۆخەی ئێستایە، بۆیە بەناوی مووچەی مامۆستایان گوتارێکی سیاسی پێشکەش کراوە، کە ئارام شێخ محەمەد، بەناوی ئەو کورسییەی کە هی پارتییە، بە خەڵک دەڵێت: "دەتانگەڕێنینەوە بۆ بەغدا"، بەڵام ئەمە چاوەڕوان کراو بوو، چونکە گۆڕان کار لەسەر پڕکردنی خەڵکە بۆ گەڕانەوە بۆ بەغدا و دەیانەوێت پەرتەوازەیی جوگرافیا دروست ببێت، و بگەرێنەوە بۆ بەغدا و لەوێ داوای مووچە بکەن."

گوتیشی: "لە دەستووری عێراقدا وەک قەوارەیەکی سەربەخۆ دان بە هەرێمی کوردستاندا نراو ، زۆر ئاستەمە پرۆژەکەی گۆڕان بێتەدی، چونکە لە بەغداوەش تێگەیشتوون کە قورسایی هەرێمی کوردستان لە کوێیە".

لە درێژەدا گوتیشی: "نامەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، بۆ عەبادی بۆ ئەوەی نەوتی کەرکووک کۆنترۆڵ بکات و پەیامەکەی لەتیف ڕەشید، وەزیری پێشووی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، بۆ بەغدا ئەوانە نیشانەی ئەوەن کە باڵێکی یەکێتی لەگەڵ پرۆژەکەی گۆڕانن".













باسنیوز
Top