ئەدهەم بارزانی: بەهیوام نەوشیروان مستەفا و گۆڕان خۆیان لە بۆچوونەکەی ئارام شێخ محەمەد بێبەری بکەن

 ئەدهەم بارزانی: بەهیوام نەوشیروان مستەفا و گۆڕان خۆیان لە بۆچوونەکەی ئارام شێخ محەمەد بێبەری بکەن
سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتیی كوردستان لە سلێمانی و هەڵەبجە هیوا دەخوازێت، بۆچوونەکەی ئارام شێخ محەمەد، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پشکی گۆڕان کە داوای مامەڵەی ڕاستەوخۆی بەغدا لەگەڵ سلێمانی دەکات، تەنیا بۆچوونی خۆی بێت و دەڵێت: “ئەم بۆچوونە لەنێو جەماوەری کوردستاندا جێی نابێتەوە”.



شێخ ئەدهەم بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتیی كوردستان لە سلێمانی و هەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاندووە: "ئومێدەوارم ئەو بۆچوونەی ئارام شێخ محەممەد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كە لەناو خۆپێشاندەران باسی لێوە كرد، بۆچوونی نەوشیروان مستەفا و سەركردەكانی تری گۆڕان نەبێت و خۆیان لەم بۆچوونە بێبەری بكەن و تەنیا بۆچوونی خۆی بێت، چونكە ئەمە بۆچوونێكی زۆر شازە. نابێ هیچ بزاڤ یان حزبێكی كوردی بۆچوونێكی وا دەرببڕێ، چونكە ئەمە بۆچوونی عەرەبە شۆڤێنییەكان بووە بە درێژایی مێژوو، لەو ڕۆژەوەی خاكمان دابەش كراوە".



ئارام شێخ محەممەد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، رۆژی 12\11\2016، لە میانی پێشوازیکردنی لە خۆپیشاندەرانی سلێمانی کە بەرپرسانی پارتی بە خۆپیشاندانێکی ڕێکخراوی گۆڕان وەسفی دەکەن، ئاماژەی بەوە کرد: “ئەگەر کێشەی نەوت لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق چارەسەر نەکرا و هەرێمی کوردستان پابەند نەبوو بەو ڕێککەوتنە، ئەوا حکوومەتی عێراق راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکان بکات".



ئەدهەم بارزانی جەختیشی لەوە كردەوە: "ئومێدەوارم ئەمە تەنیا بۆچوونی (ئارام شێخ محەممەد) بێ ، چونكە ئەم بۆچوونە شوێنی نابێتەوە لەناو جەماوەری كوردستاندا، هەر بزاڤ و حزبێكیش ئەم بۆچوونەی هەبێت، دەبێ بار بكات لەناو ئەم میللەتە و ئەو دەریایە خوێنە پڕ لە شانازییە ڕاژوەی بۆ ئازادیی ئەم خاكە پیرۆزە ڕژاوە، نامەوێ وشەكانی من تەفسیر بكرێ بە شێوەیەكی تر، بەڵام ئەمە ویستی جەماوەرە و جەماوەر ڕێگا نادات بۆچوونێكی وا سەقەت كە هەموو قوربانییەكانی ئەم میللەتە، بە درێژاییی مێژوو هەر لە شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران، شێخ ڕەزا، شێخ مەحموودی حەفید، شێخ ئەحمەد، شێخ عەبدولسەلام و مەلا مستەفای بارزانی و دەیان شۆڕشی دیکە بە با بدات و دەستكەوتەكانی ئەم شۆڕشانە بە دەستی خۆی بە دوژمنانی گەلی كورد بدات، بۆیە ئومێدەوارم ئەمە بۆچوونێكی تاكەكەسی بێت”.







باسنیوز
Top