لە سلێمانی نووسراوی پروپاگەندە بۆ داعش بڵاودەكرێتەوە
یەكێك لە وێنەكان بەرامبەر چیای ئەزمەڕ گیراوە، لەوەی دیكەیان باڵەخانەی شاری جوان (گراند ملینیۆم) دەرچووە، لەسەر هەردوو وێنەكانیش نووسراوە (دەوڵەتی ئیسلامی لە سلێمانی، ئێمە لە هەموو شوێنێكی ئەم جیهانەدا هەین، بە فەزڵی خوا فەتحی كوردستان دەكەین....".
ئەم وێنانە رۆژی 29/10/2016 لە "هەژمارەكانی داعش" لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاوكراونەتەوە. رووداو لە رێگەی نامەی فەیسبووكەوە قسەی لەگەڵ خاوەنی ئەو هەژمارە كرد كە بە (ئەبوو سۆران ئەلكوردی) خۆی ناساند و ئەكاونتەكەشی هەر بەو ناوەیە.
(رووداو) پرسیاری لێكرد كە ئایا لە سلێمانی دەژی و خۆی ئەو وێنانەی گرتووە؟ سەرەتا نەیویست وەڵام بداتەوە، بەگوتەی خۆی رێگەی پێنەدراوە قسە بكات، بەڵام دوای چەند پرسیارێكی دیكە و بەردەوامبوون لە پرسیاركردن، گوتی "ئێمە نەك لە سلێمانی، لە زۆربەی جیهان هەین و ئەشمێنین، ئەو وێنانەش لەلایەن برایانمان لە سلێمانی گیراون".
ئەبوو سۆران شوێنی خۆی ئاشكرا نەكرد كاتێك پرسیاری لێكرا، تەنیا هەڕەشەی ئەوەی كرد كە "فەتحی هەموو كوردستان" دەكەن.
ماوەیەكە لایەنگر و هەوادارانی داعش، هاوشێوەی سەرەتای هاتنی داعش بۆ عێراق و كوردستان، كەوتوونەتەوە خۆ و بە دروستكردنی ئەكاونت و پەیج لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بە زمانی كوردی، پڕوپاگەندە بۆ ئەو رێكخراوە دەكەن. ئەو ئەكاونت و پەیجانە رۆژانە هەواڵ و وێنە و ڤیدیۆكانی داعش بە تایبەتی هەواڵەكانی پێگەی ئەعماقی داعش، وەردەگێڕنە سەر كوردی و بڵاوی دەكەنەوە.
ئەبوو سۆران بە ناوهێنانی وشەی "داعش" كە كورتكراوەی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شامە، قەڵس دەبێت و دەڵێت "تۆ جارێ مەڵێ داعش، چونكە ئێمە دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامین، هەروەها شەڕی ئێمە دیارە لەسەر چییە و بۆچی لە پاڵ ئەوان دەجەنگین، شەڕی ئێمە شەڕی عەقیدەیە....".
بەرپرسێكی وەزارەتی ئەوقاف كە زانیاری لەبارەی بڵاوكردنەوەی ئەو وێنانە هەیە، دەڵێت خەڵكانێك هەن لە كوردستان بە ئاشكرا پشتگیری لە داعش دەكەن.
مەریوان نەقشبەندی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان و پێكەوەژیانی ئاینی لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی، بە (رووداو)ی راگەیاند "ئەو كەسانەی لەڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە هاوكاریی چەكدارانی داعش دەكەن، لە كوردستان و دەرەوەی كوردستان هەن و بە ئاشكرا پشتگیری خۆیان بۆ داعش دەردەبڕن".
بەگوتەی نەقشبەندی "ئەو كەسانەی كە ئەم جۆرە كارانە دەكەن و بە كوردی لەڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە هاوكاریی داعش دەكەن و نووسراوەكان بڵاودەكەنەوە، زۆربەیان لە سنووری پارێزگای سلێمانین".
گوتیشی كە ئەوان لەو كەسانە بێدەنگ نین و چاودێرییان دەكەن. نەقشبەندی گوتی "ئێمە لە رێگەی لیژنەیەكەوە چەندین بەڵگەمان لەسەر ئەو كەسانە كۆكردووەتەوە و زانیاری تەواومان داوەتە دادگاكان، بەڵام ئەوە ئیشی دادگایە كە لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا بكات. ئەگەر ئەوانە خۆیان بن، دەبێت بە سزا بگەیەنرێن".
مەریوان نەقشبەندی باسی ئەو لێژنەیەی كرد كە كار لەسەر پڕوپاگەندەكانی داعش لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەكەن و گوتی "لیژنەیەك لە وەزارەتی ئەوقاف، وەزارەتی رۆشنبیری، ناوخۆ و پێشمەرگە پێكهێنرابوو بۆ ماوەی ساڵ و نێوێك كارمان لەسەر كرد، بەڵگەی تەواومان لەسەر تەواوی ئەو كەسانە كۆكردووەتەوە كە لە ناوەوە و دەرەوەی كوردستان لەڕێگەی سایت و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە هاوكاریی داعش دەكەن. بە ئاشكراش دیارە ئەو كەسانە كێن، بەڵام لە كوردستان و بەتایبەت لە زۆنی سلێمانی دادگا تاوەكو ئێستا یارمەتیدەرێكی باش نەبووە تاوەكو لێكۆڵینەوەی جددی لەسەر ئەو كەیسانە بكات".
نەقشبەندی داوا دەكات ئیجرائاتی یاسایی بەرامبەر ئەو كەسانە بگرێتەبەر، چونكە بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی كوردستانیان دەزانێت و دەڵێت "ئەگەر جاران چەكدارانی داعش لەڕێگەی مزگەوتەكان و ناوەندە ئاینییەكانەوە بانگەشەیان بۆ داعش كردبێت، ئەوا ئێستا سوود لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و ئینتەرنێت وەردەگرن". گوتیشی "ئەو كەسانە ئاشكرا و دیارن كە لە كوردستان ئیش بۆ چەكدارانی داعش دەكەن".
رووداو
