دوایین زانیاریی لەبارەی میحوەرەكانی شەڕی موسڵ

دوایین زانیاریی لەبارەی میحوەرەكانی شەڕی موسڵ

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی "واهاتین نەینەوا" دوایین زانیاریییەکانی ئەمڕۆ یەکشەممە 13-11-2016ی بەرەکانی شەڕی لە سەرجەم میحوەرەکانی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ بڵاوکردەوە.

میحوەری باشووری رۆژئاوای موسڵ

لە میحوەری باشووری رۆژئاوای موسڵ، کە تایبەتە پۆلیسی فیدراڵی و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا، بەردەوامن لە پرۆسەی پاککردنەوەی ناوچەکە لە بۆمبی چێنراو، بەردەوامن لە كۆنترۆڵكردنەوەی ناوچەكان بەمەبەستی گەڕانەوەی دانیشتوانەکەی.

میحوەری باشووری رۆژهەڵات

لە میحوەری باشووری رۆژهەڵات، هێزەکانی فیرقەی 9ی زرێپۆش و لیوای 3ی فیرقەی یەک، چوونەتە لای چەپی موسڵ لە گەڕەکانی ئینتیسار، جەدیدە موفتی، شەیما، سەلام و، یونس سەبعاوی و بەردەوامن لە پاککردنەوەی رێگا و خانووەکان و رێگا سەرەکییەکان، هاوکات گوندی نەعمانییە و شوێنەواری نەمروود لە باکووری زێی گەورە کۆنترۆڵکرانەوە.

میحوەری رۆژهەڵات

لە میحوەری رۆژهەڵات، هێزەکانی دژی تیرۆر چوونەتە لای چەپی موسڵ و بەردەوام لە پاککردنەوەی گەڕەکەکانی عەدەن، بەکر، زەهەبییە، هاوکات ئاڕبەجی و کەرکووکلی-ش بەتەواوی کۆنترۆڵکرانەوە.

میحوەری باکوور

لە میحوەری باکوور، هێزەکانی فیرقەی 16ی سوپای عێراقی لە پاککردنەوەی ناوچە کۆنترۆڵکراوەکان بەردەوامە.

میحوەری رۆژئاوا

لە میحوەری رۆژئاوا، کە تایبەتە بە هێزەکانی حەشدی شەعبی، ئەوا ئەو هێزانە بەردەوامن لە پرۆسەی گەڕان، پشکنین، پاککردنەوەی رێگەی نێوان چواڕیانی حەزەر و چوارڕیانی عەدایە بە تەواوی، بەهێزکردنی شوێنەکانیان، پاراستن و دڵنیابوونی تەواوی رێگەی هاتووچۆکردن.

هاوكات بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، هێزی ئاسمانی عێراقی رۆژی 13-11-2016 ملیۆنان بڵاوکراوەیان بەسەر ئاسمانی شاری موسڵ فڕێداوەتە خوارەوە.

وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە "بڵاوکراوەکان چەندین بابەتێکی جۆراوجۆری لەخۆگرتبوو، لەوانە پێدانی راسپاردە بە دانیشتوانی موسڵ، هەواڵەکان لەبارەی سەرکەوتنەکانی هێزەکانی عێراقی، هەروها داواکردن لە هاووڵاتیان لە ئامادەباشیدابن بۆ سەرکەوتن بەسەر داعش".
RUDAW-
Top