وەزیری پەروەردە: ناتوانین قەرەبووی دوو مانگی خوێندن بکەینەوە
وەزیری پەروەردەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، دوای کۆبوونەوە لەگەڵ بەڕێوەبەری ھەردوو رێکخراوی یونسێف و یۆنسکۆ رایگەیاند: بایکۆتکردنی مامۆستایان چارەسەر نییە و، وەزارەتی پەروەردە ناتوانێت قەرەبووی دوو مانگی خوێندن بکاتەوە.
پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنەماڤانان لە ھەولێر رۆژی یەکشەممە ١٣-١١-٢٠١٦ رایگەیاند "ئەگەر دواکەوتنی خوێندن لەشاری سلێمانی بگاتە دوو مانگ، ئێمە وەکو وەزارەتی پەروەردە ناتوانین قەرەبووی خوێندن بۆ قۆناخەکانی خوێندنی لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان بکەینەوە".
لەکاتێکدا لە پارێزگاکانی ھەولێر و دھۆک لەگەڵ راگەیاندنی وادەی ساڵی نوێی خوێندن دەرگای قوتابخانەکان کرانەوە، نزیکەی دوو مانگ دوای ئەو وادەیە ھێشتا لە سلێمانی، ھەڵەبجە، گەرمیان و دەڤەری راپەڕین خوێندن دەستی پێنەکردووەتەوە و مامۆستایان بەردەوامن لە بایکۆتکردنی دەوام بەھۆی ناڕازیبوونیان لە سیستەمی پاشەکەوتکردنی مووچەکانیان.
وەزیری پەروەردەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەمبارەیەوە گوتی "وەزارەتی پەروەردە لەگەڵ بەرپرسانی پەروەردە لە سنووری ئەو پارێزگە و ئیدارانە، ناچارە دیراسەی دواخستنی خوێندن بکات، چونکە ھیچ چارەسەرێکی دیکە نامێنێتەوە".
ھەرچەندە ھەندێک لە مامۆستایان و خوێندکاران لە سنووری پارێزگای سلێمانی رۆژی شەممە ١٢-١١-٢٠١٦، وەکو ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن دەستیان بە پاککردنەوەی قوتابخانەکانیان کرد، بەڵام بەشێکی زۆری مامۆستایان خۆپیشاندانیان کرد و رایانگەیاند بەردەوام دەبن لە بایکۆت کردن تاوەکو داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکرێت.
پشتیوان سادق، لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا دەڵێ "دڵنیام مامۆستایانی خۆشەویست دوێنێ ھەنگاوی باشیان ناوە، بەتایبەتی لەناو شاری سلێمانی، لە زۆر شوێن پەرتووک دابەشکراوە، ئەوەش بەرپرسیاریێتی یاسایی و مێژووییە و پێویستە ھەموومان ھەست بەو بەرپرسیاریێتییە بکەین و دەرگای قوتابخانەکان بکەینەوە".
مامۆستایانی ناڕازی و ئەوانەی خۆپیشاندان دەکەن بەردەوام باسی ئەوە دەکەن، لە ئەگەری لەدەستچوونی خوێندنی ئەمساڵی قوتابیان بەھۆی دەوامنەکردنیان، ئۆباڵەکەی دەکەوێتە ئەستۆی حکومەت نەک ئەوان، چونکە حکومەت مافی مامۆستایانی پێشێلکردووە. وەزیری پەروەردە لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا دەڵێ "ئەو موعاناتەی مامۆستایانی خۆشەویستی شاری سلێمانی و شوێنەکانی دیکە ھەیانە، ھەمان ئەو موعاناتەیە لە کەرکووک و ھەولێر و دھۆکیش ھەیە، بارودۆخی کوردستان، شەڕی داعش، شەھید و بریندارەکانمان، ئەو کێبرکێیانە لەپێش کوردستانە، وامان لێدەکات ئەو دۆخە تێپەڕێنین، دڵنیاشم لەوەی ئەو بارودۆخ و قەیرانانە تێدەپەڕێن، تەنیا سەروەری و سەرفرازی بۆ مامۆستایان دەمێنێتەوە".
PAYAMNER-
