داعشێک بە زەلیلی داوا لە پێشمەرگە دەکات: مەمکوژن
لەکاتی کۆنترۆڵکردنەوەی شارۆچکەی باشیک، چەکدارێکی داعش بە زەلیلی خۆی رادەستی هێزەکانی پێشمەرگە دەکات و بە گریانەوە داوا دەکات کە نەیکوژن.
لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا کە بۆ (تۆڕی میدیایی رووداو) نێردراوە، دەردەکەوێت کە ژمارەیەک پێشمەرگە گەمارۆی چەکدارێکی داعشیان لە باشیک داوە، بەڵام پێشمەرگەکان بەشێوازێکی نەرموونیان مامەڵەی لەگەڵ دەکەن و هیچ ئازارێکی نادەن.
وەک لە گرتە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، ئەو چەکدارەی داعش لە ژوورێکی شارۆچکەکەدا دێتە دەرەوە و دەستەکانی رووبەڕووی پێشمەرگە بەرزدەکاتەوە و داوا دەکات کە ئازاری نەدەن و نەیکوژن.
ئەمە لەکاتێکدایە کە پێشتر لیوا بەهرام عەریف یاسین، فەرماندەی لیوای حەوتی پیادەی هێزی پێشمەرگە بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند بوو "بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە 8-11-2016، لە سنووری لیوای حەوتی پیادە لەنێو شارۆچكەی باشیك، مەفرەزەیەكی داعش كە بەنیازبوون بەرەو موسڵ هەڵبێن، كەوتنە كەمینێكی هێزەكانی پێشمەرگەوە".
وەك لیوا بەهرام باسیكردووە، لە رووبەڕووبوونەوەیەكدا 5 چەكداریان كوژران و دواتریش بەهۆی بۆردوومانی فڕۆكەكانی هاوپەیمانانەوە 7 چەكداری دیكەیان كوژراون، گوتیشی "ئێستا تەرمی ئەو 12 چەكدارەی داعش لەژێر دەستی پێشمەرگەدایە".
شارۆچكەی باشیك دەكەوێتە دەشتی نەینەوا و 20 كیلۆمەتر لە سەنتەری موسڵەوە دوورە، دوایین سنووری ماددەی 140ەو دوو ساڵ و نیو لەژێر دەستی داعشدا بوو، رۆژی دووشەممە 7-11-2016 لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگە كۆنترۆڵكرایەوە.
ژمارەی دانیشتووانی باشیك بە 140 هەزار كەس دەخەمڵێندرێ، 35 هەزاریان لە سەنتەری شارۆچكەكە دەژین، پێكهاتوون لە كوردانی ئێزدی، كوردانی شەبەك، مەسیحی، عەرەب و توركمان دانیشتووانەكەی بە عەرەبی، كوردی، سریانی و توركمانی قسە دەكەن. رێژەی پێكهاتەكان بەمشێوەیە دابەش بووە: 70% كوردی ئێزدی، 20% كریستیان و 10 موسڵمان.
rUDAW-
