مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆچی دوایی هه‌ڤاڵ و سه‌ركرده‌ی تێكۆشه‌ر قادر جه‌باری راده‌گه‌یه‌نێت
قادر جه‌باری له‌دایكبووی ساڵی 1942ی ده‌ڤه‌ری جه‌باری، هه‌ر له‌سه‌ره‌تای لاوێتیه‌وه په‌یوه‌ندی به ریزه‌كانی پاتی دیموكراتی كوردستان و شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلووله‌وه ده‌كات و به‌هۆی چالاكی و لێهاتووییه‌وه له ساڵی 1965 به‌رپرسیاریه‌تی ناوچه‌ی شوان_ی پێده‌سپێردرێت و، له كۆنگره‌ی هه‌شته‌می پارتیمان به ئه‌ندامی یه‌ده‌گی كۆمیته ناوه‌ندی حزب هه‌ڵده‌بژێردرێت، له‌ساڵی 1971 به‌رپرسی لقی 3 و دواتر له ساڵی 1974 وه‌كو به‌رپرسی لقی 2، درێژه به خه‌بات و تێكۆشانی ده‌دات. هه‌ڤاڵی ناوبرا و له هه‌ردوو كۆنگره‌ی 11 و 12 به ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی هه‌ڵده‌بژێردرێته‌وه و چه‌ندین ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تی دیكه‌ی گرینگ و كاریگه‌ری حزبی و ئیداری راپه‌ڕاندووه و چه‌ند ساڵێكیش وه‌زیری دادی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بووه.
به‌داخه‌وه دوای ململانێیه‌كی زۆر له‌گه‌ڵ نه‌خۆشی، به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ 12ی11ی2016 دڵه گه‌وره‌كه‌ی له‌لێدان كه‌وتوو و بۆدواجار ماڵئاواییی لێ كردین.
به‌م بۆنه خه‌مناكه‌وه سه‌ره‌خۆشی له خانه‌واده و خزم و كه‌سوكار و سه‌رجه‌م هاورێبازانی خوالێخۆشبوو و گشت هه‌ڤاڵانی پارتیمان ده‌كه‌ین و له خوای گه‌وره داواكارین سه‌بر و ئارامی به‌هه‌موو لایه‌ك پێببه‌خشێت و گیانی سه‌ركرده و خه‌باتكار، هه‌ڤاڵ (قادر جه‌باری) بخاته به‌ر دلۆڤانی خۆیی و به‌به‌هه‌شتی به‌رینی شادبكات.
HAWLER-
