فراكسیۆنی یەكگرتوو: عەبادی ئامادە نییە لە پارەی بەسڕا مووچەی سلێمانی بدات
موسەننا ئەمین، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق بە (تۆڕی میدیایی رووداو) راگەیاند، ئەوان وەكو یەكگرتووی ئیسلامی پشتیوانی ئەو پڕۆژەیە ناكەن، كە بەغدا بۆ داهات و مووچە راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ پارێزگاكاندا بكات.
لەبارەی هۆكاری ئەوەی بۆچی پشتگیری پڕۆژەكە ناكەن، موسەننا ئەمین گوتی "ئەو پڕۆژەیە واقیعی نییە و زیاتر خەونێكی خۆش و دروشمە، ئەگینا ئەگەر چارەسەربێت پشتیوانی دەكەین، تاوەكو ئەگەر بەشێوەیەكی كاتیش بێت كێشەی مووچە لە هەرێمی كوردستاندا چارەسەر ببێت".
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی عێراق جەختی لەوەش كردەوە، حكومەتی عێراق ئامادە نییە لە داهاتی نەوتی پارێزگایەكی دیكە مووچەی سلێمانی یان هیچ پارێزگایەكی دیكەی هەرێمی كوردستان بدات. گوتیشی "حكومەتی عێراق ئامادە نییە لە پارەی نەوتی بەسڕا مووچەی پارێزگای سلێمانی بدات، ئەگەر داهاتی سلێمانیش بەشی مووچە دەكات، ئەی بۆچی راستوخۆ بۆ مووچە خەرج ناكرێت".
موسەنا ئەمین ئەوەشی خستەڕوو، دەبێت هەمووان چاوەڕێی ئەنجامی كارەكانی ئەو لیژنەیە بكەن كە لە پەرلەمانی عێراق پێكهێنراوە، بۆ بەدواداچوونی كێشەی بودجە و نەوتی هەرێمی كوردستان، ئەو گوتی "دەبێت هەمووان چاوەڕێی كارەكانی ئەو لیژنەیە بكەین، بەڵكو ئەوان چارەسەرێكی واقیعییان پێبێت".
هاوكات ئامینە زیکری، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی ئەو پێشنیازەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، کە لە بودجەی ساڵی 2017 دا بەغدا راستەوخۆ پەیوەندی بە پارێزگاکانەوە بکات و بەشە بودجەی پارێزگاکان بەشێوەیەکی سەربەخۆ دابین بکات، بە رووداوی گوت "لە لایەنی سیاسی و نیشتمانییەوە ئەمە ئەوپەڕی بێبەهابوونی بزووتنەوەی گۆڕانە بەرامبەر بە وڵات و نیشتمان".
ئامینە زیکری گوتیشی "جێی داخە ئەو داخوازییە لەکاتێکدا دەکرێت، پێشمەرگە قارەمانەکان لە هەوڵی دەستنیشانکردنی سنووری کوردستانن، لەلایەکی دیکە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی عێراق دەکەن، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی ئەوە بکەن، ئەگەر هاتوو هەرێمی کوردستان بڕیاری ئەوەیدا بەرەو سەربەخۆیی بچێت، ئەو سەربەخۆییەش بە خوێنی هەزاران شەهید و پێشمەرگەی قارەمان بووەتە دیفاکتۆ، ئەو داخوازییەی ئەوان گەڕانەوەیە بۆ خاڵی سفر".
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان جەختیكردەوە "ئەو لێدوانانە لە چوارچێوەی سیاسەتی چەقبەستوویی و ئیفلاسی سیاسی بزووتنەوەی گۆڕان دێت، کە ئەمڕۆ هیچ وەڵامێکی ئەرێنی بۆ خەڵکی کوردستان نییە، بۆیە دەیانەوێت سۆزی خەڵکی کوردستان بەکار بهێنن و بەو بابەتەوە سەرقاڵیان بکەن".
ئامینە زیکری ئاماژەی بەوەش كرد "لە دەستووری عێراق پێگەی هەرێمی کوردستان وەک هەرێم دیاریکراوە، خەڵکی کوردستانیش لەسەر ئەو بنەمایە دەنگی بەو دەستوورە داوە، بەڵام ئەوان بە چ حەقێک ئەو مافە بەخۆیان دەدەن پێگەی هەرێمی کوردستان لاواز بکەن، دوای ئەوەش مامەڵەکردن بەشێوەی راستەوخۆ لەگەڵ پارێزگاکان، پێویستی بە یاسا و گۆڕینی دەستووری عێراقە".
لەگەڵ ئەوەی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سلێمانی داوای کردبوو رۆژی شەممە 12-11-2016 دەرگای قوتابخانەکانی ئەو پارێزگایە بکرێتەوە، بەڵام لە سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین مامۆستایان خۆپیشاندانی ناڕەزایەتییان رێکخست، ئەمڕۆش درێژەیان بە گردبوونەوە و ناڕەزایەتییەكان دا و جەختیان كردەوە بایكۆت ناشكێنن.
لە خۆپیشاندانەكەی دوێنێی سلێمانی كە خۆپیشاندەران چوونە بەردەم نووسینگەی پەرلەمانی عێراق، داوایان كرد حكومەتی عێراق خەمێكیان لێ بخوات و مووچەیان لە بەغداوە بۆ دابین بكرێت. هاوشێوەی مامۆستایانی ناڕازی سلێمانیش، نوێنەری مامۆستایانی پشدەر، رانیە، هەڵەبجە، چەمچەماڵ و چەند شوێنێكی دیكە، رۆژی یەكشەممە 13-11-2016، لەگەڵ کۆمەڵێک رێکخراو و فەرمانبەرانی باجەکان سەردانی نووسینگەی پەرلەمانی عێراقیان كرد لە سلێمانی، یەكێك لە داواكارییەكانیشیان ئەوەبوو مووچەیان بخرێتە سەر حكومەتی عێراق.
ئارام شێخ محەممەد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش كە لەسەر پشكی بزووتنەوەی گۆڕان پۆستەكەی وەرگرتووە، رایگەیاند "هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی داواکاری خۆپیشاندەران بە دەسەڵاتدارانی عێراق بگەیێنین".
ناوبراو لە گوتارێكدا كە بۆ خۆپیشاندەران پێشكەشیكرد، راشیگەیاند "دەبێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ فەرمانبەران بگەڕێتەوە، ئەگەر کێشەی نەوت لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق چارەسەرنەکرا و هەرێمی کوردستان پابەند نەبوو بەو رێککەوتنە، ئەوا حکومەتی عێراق راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکان بکات".
لەبەرامبەردا فراكسیۆنی پارتی لە راگەیێندراوێكی توونددا بە ناڕاستەوخۆ وەڵامی ئارام شێخ محەممەدی دایەوە و دژایەتی خۆی بۆ مامەڵەكردنی حكومەتی بەغدا لەگەڵ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دەربڕی، هاوكات بە دژی مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان وەسفیكرد و رایگەیاند "ئەمە خیانەتە لە سەربەخۆیی".
RUDAW-
