ئەركی پێشمەرگە لەموسڵ كۆتاییهات؟ سەدا 97ی خاكی كوردستان كەوتۆتەوە دەستی كورد

ئەركی پێشمەرگە لەموسڵ كۆتاییهات؟ سەدا 97ی خاكی كوردستان كەوتۆتەوە دەستی كورد
هێزەكانی پێشمەرگە، لەئێستادا زیاتر لەسەدا 97ی تەواوی ناوچەكانی كوردیەكانی باشووری كوردستانی لەژێر كۆنتڕۆڵدایە، جگە لەشەڕی حەویجە، تەنیا چەند گوندێكیش ماوە بۆ ئەوەی بەتەواوی كۆتایی بەپێشڕەوییەكانی بهێنێت لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی موسڵ.

لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا، هێزەكانی پێشمەرگە بەپاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی توانییان ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان لەژێر دەستی داعش ئازادبكەن، دوایین پێشڕەویشیان لەشەڕی موسڵ بوو، كاتێك پلانەكانی خۆیان لەچەند هەفتەیەكدا جێبەجێكرد.

جەبار یاوەر مەندە، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم بۆ خەندان جەختیكردەوە، ئێستا هەموو ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لەسنووری موسڵ و كەركوك و دیالە، لەژێر دەستی پێشمەرگەی كوردستاندایە.

هەروەها وتی "بەگشتی رەنگە نزیكەی سەدا سێی ئەو ناوچانە لەژێر دەسەڵاتی داعشدا بێت، ئەوانیش ژمارەیەك گوندن لە سنووری شەنگال‌و دوو گوندیش لە سنووری موسڵ كە شەبەك نشینن، بەپێی رێككەوتنی هەرێم‌و عێراق بۆ ئۆپەراسیۆنی موسڵ ئەو دوو گوندە دەكەوێتە سنووری پێشرەویەكانی سوپای عێراقەوە".

ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنی موسڵ، لە 17ی مانگی رابردوو، بەپێشرەویكردنی هێزەكانی پێشمەرگە دەستیپێكرد، ئەوەش بەپێی رێككەوتنی نێوان هەولێر‌و بەغدا، لەئێستادا پێشمەرگە سەنگەریان نزیك لەسەنتەری پارێزگای موسڵ لەباكور‌و رۆژهەڵاتەوە قایم كردووە.

جەبار یاوەر مەندە دەڵێت ئەو ئەركەی بۆ پێشمەرگە دیاریكرابوو، لەپلانی گشتیدا بەرەو تەواو بوون دەڕوات، بەڵام تەواو نابێت چونكە دەبێت ناوچەكان لەمین پاك بكرێنەوەو بۆ هەر ئەگەرێكیش لە ئایندە لەئامادەباشیدابن.
XANDAN-
Top