پەرلەمانتارێک: پڕۆژەکەی گۆڕان ڕەت دەکرێتەوە
پەرلەمانتارێکی کورد، لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەوە دەخاتەڕوو کە حکوومەتی عێراق و لایەنە سیاسییەکانی عێراق، پڕۆژەکەی بزووتنەوەی گۆڕانیان ڕەتکردوەتەوە و ئامادەنین مامەڵە لەگەڵ ھیچ پارێزگایەک بە ڕاستەوخۆ بکەن.
د.ئەردەڵان نورەدین، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "بزووتنەوەی گۆڕان، کارتێکی سیاسی ھەیە، دەیەوێت بە ڕێگای گەڕانەوە بۆ بەغدا بەکاری بھێنێت، ناڕەزای فەرمانبەران و قەیرانی دارایی قۆستوەتەوە، بۆیە پێشنیاری بزووتنەوەی گۆڕان بۆ ئەوەی بەغدا مامەڵە لەگەڵ پارێزگای سلێمانی بکات، لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە ڕەتدەکرێتەوە و قبوڵکراو نییە، ئەوەش لەبەر ئەوە نییە کە ئێمە دژایەتی فەرمانبەرانی کوردستان بکەین، بەڵکو شاری سلێمانی و سەرجەم شارەکانی دیکە، بەشێکن لە ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقیش بۆی نییە، بەبێ گەرانەوە بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێککەوتن ئەنجام بدات".
ئەو پەرلەمانتارە، ئەوەشی خستەڕوو: "ھیچ دەقێک نییە باس لەوە بکات بەغدا مامەڵە لەگەڵ پارێزگایەک بکات، دواتر لەبەرانبەر چی مامەڵە بکات؟ یان مووچەی فەرمانبەران بنێرێت؟ لەبەر ئەوەی نەوتیان ڕادەست دەکەن؟ ئایا دۆسییەی نەوت لەو شارە بەدەست ئارامی شێخ محەمەدە؟ بەدەست قوباد تاڵەبانییە؟ بۆیە ئەو ڕێکارانە ھیچ ناگۆڕێت و لە پڕۆژەی بودجەی عێراقیش ئاماژەی پێنەکراوە".
گوتیشی: "ئەو پڕۆژەیە، پەرتەوازەیی پێوە دیارە و ھیچ لایەنێکی سیاسی عێراق پشتیوانی ناکات"
BAS NEWS-
