چەکدارێکی داعش بە زەلیلی دەکەوێتە دەست پێشمەرگە
لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا کە تایبەت بۆ دەردەکەوێت کە ژمارەیەک پێشمەرگە گەمارۆی چەکدارێکی داعشیان لە باشیک داوە، بەڵام پێشمەرگەکان بەشێوازێکی نەرموونیان مامەڵەی لەگەڵ دەکەن و هیچ ئازارێکی نادەن.
وەک لە گرتە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، ئەو چەکدارەی داعش لە ژوورێکی شارۆچکەکەدا دێتە دەرەوە و دەستەکانی رووبەڕووی پێشمەرگە بەرزدەکاتەوە و داوا دەکات کە ئازاری نەدەن و نەیکوژن.
ئەمە لەکاتێکدایە کە پێشتر لیوا بەهرام عەریف یاسین، فەرماندەی لیوای حەوتی پیادەی هێزی پێشمەرگە بە "بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە 8-11-2016، لە سنووری لیوای حەوتی پیادە لەنێو شارۆچكەی باشیك، مەفرەزەیەكی داعش كە بەنیازبوون بەرەو موسڵ هەڵبێن، كەوتنە كەمینێكی هێزەكانی پێشمەرگەوە".
وەك لیوا بەهرام باسیكردووە، لە رووبەڕووبوونەوەیەكدا 5 چەكداریان كوژران و دواتریش بەهۆی بۆردوومانی فڕۆكەكانی هاوپەیمانانەوە 7 چەكداری دیكەیان كوژراون، گوتیشی "ئێستا تەرمی ئەو 12 چەكدارەی داعش لەژێر دەستی پێشمەرگەدایە".
شارۆچكەی باشیك دەكەوێتە دەشتی نەینەوا و 20 كیلۆمەتر لە سەنتەری موسڵەوە دوورە، دوایین سنووری ماددەی 140ەو دوو ساڵ و نیو لەژێر دەستی داعشدا بوو، رۆژی دووشەممە 7-11-2016 لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگە كۆنترۆڵكرایەوە.
ژمارەی دانیشتووانی باشیك بە 140 هەزار كەس دەخەمڵێندرێ، 35 هەزاریان لە سەنتەری شارۆچكەكە دەژین، پێكهاتوون لە كوردانی ئێزدی، كوردانی شەبەك، مەسیحی، عەرەب و توركمان دانیشتووانەكەی بە عەرەبی، كوردی، سریانی و توركمانی قسە دەكەن. رێژەی پێكهاتەكان بەمشێوەیە دابەش بووە: 70% كوردی ئێزدی، 20% كریستیان و 10 موسڵمان.
RUDAW -
