ڕۆژی یەكشەممە 13ـی 11ـی 2016 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە دۆگڵاس سڵیمەن باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد. لە دیدارەكەدا باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەگەی لە ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ لە سەرۆك بارزانی كرد و سەرەخۆشیشی لە كەسوكاری ئەو پێشمەرگانە كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆردا گیانی خۆیان فیدا كردووە و شەهید بوونە. هەروەها پێزانینی وڵاتەكەیشی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند لەمەڕ هەماهەنگی و كاری هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و هیوای خواست ئەوە ببێتە زەمینەیەك بۆ دروستكردنی پەیوەندییەكی ستراتیژی نێوان هەردوولا لە بواری ئاساییشی ناوچەكە دا. لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی خۆشحاڵیی خۆی نیشان دا لەوەی كە هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق سەركەوتن و دەستكەوتی باشی بەدوادا هاتووە. لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە ساڵیادی ئازادكردنی شنگال لە لایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستان ڕۆشنایی خستەسەر مێژووی ئێزیدییەكان و ئەو نەهامەتییانەی كە بە درێژایی مێژوو بەرۆكی خوشك و برا ئێزیدییەكانی گرتووە و ڕایگەیاند هەر لە شۆڕشی ئەیلوولەوە كار بۆ ئەوە كرا كە ئێزیدییەكان بەشداری خەباتی سیاسیی گەلەكەیان بن و ڕێگە لە چەوساندنەوەیان بگیرێت، ئێستایش هەوڵی ئێمە ئەوەیە كە ئێزییدییەكان بتوانن خۆیان خاوەنی چارەنووسی خۆیان بن و هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە یارمەتیی ئێزییدییەكان دەدات كە پارێزگاری لە خۆیان بكەن. هەر لەو كۆبوونەوەیەدا باس لە قۆناغی دوای ئازادكردنی موسڵ و گۆڕانكارییە سیاسی و ئەمنییەكانی ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و حكوومەتی عێراق كرا.
PAYAMNER -