راوێژکارێکی بارزانی: مالیکی هۆکاری هەموو نەهامەتییەکانی عێراقە
کیفاح مەحمود، راوێژکاری مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، سوپای عێراق، کە نوری مالیکی فەرماندەیی دەکرد، سووکایەتییان بە شەرەف، مەزهەب و ئایینەکانی خەڵکی شاری مووسڵ دەکرد و هەزاران هاووڵاتیی سارەکەیان بە فەرمانی مالیکی کوشت.
کیفاح مەحمود ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەو فەرماندە سەربازییانەی نوری مالیکی ناردبوونییە مووسڵ و سەرشانی پڕی ئەستێرە کردبوون، سەرەڕای بوونی سەدان تانک و زرێپۆش و هەزاران سەرباز، ”لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا“ شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پاریزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنباریان رادەستی رێکخراوی توندڕەوی داعش کرد و هەڵاتن.
ئەو راوێژکارەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نوری مالیکی بە کوشتن و تیرۆرکردنی 600 کەسایەتیی ناسراو و دیاری پێکهاتەی سوننەمەزهەب تاوانبار دەکات و رایدەگەیەنێت، ”رۆژێک دادێت لێپرسینەوەی لەسەر تیرۆرکردنی ئەمانەو کەوتنی شاری مووسڵ و ناوچەکانی دیکەی لەگەڵدا بکرێت“.
کیفاح مەحمود پێیوایە دوایین کەس قسە لەبارەی شاری مووسڵ بکات، نوری مالیکییە، چونکە ئەو بووەتە هۆکاری زۆربەی نەهامەتییەکانی مووسڵ و تەواوی عێراق، ”لەسەردەمی مالیکی، ئاستی ھەژاری گەیشتە نزیکەی 40%، بێکارییەکی تۆقینەر بڵاو بووەوە، ئاستی خزمەتگوزارییەکان گەیشتە کەمترین، چوار ملیۆن هاووڵاتیی عێراقی ئاوارە و سەرگەردان بوون، کە نیوەیان بۆ کوردستان و نیوەکەی تریشیان بەرەو وڵاتانی دیکە سەرگەردان بوون“.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشووری کەرکووک لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کرا.
باسنیوز
