شێخ شامۆ: مانەوەی پەکەکە لە شنگال مایەی مەترسییە بۆ هاووڵاتییان
شێخ شامۆ، پەرلەمانتاری کوردی ئێزدی لەپەرلەمانی کوردستان راگەیاند، ئازادکردنەوەی شنگال بیرھێنانەوەیەکی مێژووییە، لەساڵی رابردوو بەھۆی قەیرانی دارایی و شەڕی دژی رێکخراوی توندڕەوی داعش، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نەیتوانی کاربکات بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال و خەڵک بگەڕێتەوە شارەکە.
بە گوتەی شێخ شامۆ، ئێستا %20ـی ناوچەکانی دەوروبەری شنگال لەژێر دەسەڵاتی داعش ماوە، بەتایبەت ناوچەکانی گرعوزێر، تەلقەسە، تل بەنات و (گزرگ). هاوکات دژایەتیی خۆیشی بۆ مانەوەی شارەکە لە ئیدارەی پارێزگای مووسڵ نیشان دا و رایگەیاند، ئەگەر بارودۆخی مووسڵ وەک پێش داگیرکاریی داعشی لێبێتەوە، ئەوا هیچ گەرەنییەکی ئەمنیی و سیاسیی بۆ کوردانی ئێزدی نامێنیت.
ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە رزگارکردنەوەی ناوچەکانی تەلسقۆف، باشیک و بەحزان لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان هیوا بۆ کوردانی ئێزدی و مەسیحییەکان دروست دەکات.
شێخ شامۆ باسی ئەوەشی کرد، کە بوونی چەکدارانی سەر بە پارتی کرێکراانی کوردستان (پەکەکە) مایەی نائارامیی ناوچەکە دروستبوونی ترسە لای هاووڵاتییانی شنگال، چونکە چەکدارەکان سیاسەتی ترساندن و رفاندنی منداڵی خەڵکی جێبەجێ دەکەن.
باسنيوز
