شێخ شامۆ: مانەوەی پەکەکە لە شنگال مایەی مەترسییە بۆ هاووڵاتییان

 شێخ شامۆ: مانەوەی پەکەکە لە شنگال مایەی مەترسییە بۆ هاووڵاتییان
نوێنەری کوردانی ئێزدی لەپەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە سەرکەوتنی هێزەکانی پێشمەرگە و رزگارکردنەوەی باشیک و بەحزان، هیوا بۆ کوردانی ئێزدی دروست دەکەن.



شێخ شامۆ، پەرلەمانتاری کوردی ئێزدی لەپەرلەمانی کوردستان راگەیاند، ئازادکردنەوەی شنگال بیرھێنانەوەیەکی مێژووییە، لەساڵی رابردوو بەھۆی قەیرانی دارایی و شەڕی دژی رێکخراوی توندڕەوی داعش، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نەیتوانی کاربکات بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال و خەڵک بگەڕێتەوە شارەکە.

بە گوتەی شێخ شامۆ، ئێستا %20ـی ناوچەکانی دەوروبەری شنگال لەژێر دەسەڵاتی داعش ماوە، بەتایبەت ناوچەکانی گرعوزێر، تەلقەسە، تل بەنات و (گزرگ). هاوکات دژایەتیی خۆیشی بۆ مانەوەی شارەکە لە ئیدارەی پارێزگای مووسڵ نیشان دا و رایگەیاند، ئەگەر بارودۆخی مووسڵ وەک پێش داگیرکاریی داعشی لێبێتەوە، ئەوا هیچ گەرەنییەکی ئەمنیی و سیاسیی بۆ کوردانی ئێزدی نامێنیت.



ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە رزگارکردنەوەی ناوچەکانی تەلسقۆف، باشیک و بەحزان لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان هیوا بۆ کوردانی ئێزدی و مەسیحییەکان دروست دەکات.

شێخ شامۆ باسی ئەوەشی کرد، کە بوونی چەکدارانی سەر بە پارتی کرێکراانی کوردستان (پەکەکە) مایەی نائارامیی ناوچەکە دروستبوونی ترسە لای هاووڵاتییانی شنگال، چونکە چەکدارەکان سیاسەتی ترساندن و رفاندنی منداڵی خەڵکی جێبەجێ دەکەن.





باسنيوز
Top