دوای سێ‌ ساڵ بە ئاگا هاتەوە

دوای سێ‌ ساڵ بە ئاگا هاتەوە
دوای ئەوەی لە مێردەكەی جیابووەوە و مافی خۆی وەرگرت، لەگەڵ ئەو بڕە پارەیەی كە لە مووچەی كارەكەی پاشەكەوتی كردبوو، پارچە زەوییەك و ئۆتۆمبێلێكی كڕی. بێ‌ ئاگا لەوەی كەسێك خۆی بۆ سەروەتەكەی مەڵاس داوە.

ئەمە بەسەرهاتی ژنێكە كە سەردانی كردین و بەسەرهاتی خۆی گێڕایەوە: "لە مێردەكەم جیابوومەوە. منداڵێكمان هەبوو بۆی جێهێشتم، هەقە مارەیی و هەموو مافەكانی خۆمی پێدام. منیش هەندێ پارەم كۆكردەوە و پارچە زەوییەك و ئۆتۆمبێلێكم پێ كڕی. خانووم بەكرێ گرت، بەڵام كوڕێك كە چەند ساڵێك لە خۆم بچووكتر بوو، وازی لێ نەهێنام، هاتە فەرمانگەكەم، دوو سێ جار داوای لێكردم لەگەڵی دابنیشم و قسە لەسەر هاوسەرگیری بكەین".

ئەو ژنە بۆ ماوەیەكی زۆر بیر لەو پێشنیازە دەكاتەوە و دەگاتە ئەو ئەنجامەی كە ئەو هاوسەرگیرییە سەرناگرێ‌، چونكە كوڕەكە لە خۆی بچووكترە، بەڵام كوڕەكە بەڵێنی زۆری پێدەدات. لە كۆتاییدا قەناعەتی دێت شووی پێ بكات.

بە شایەتی دوو كەس لەلای مەلا ژنەكە و كوڕەكە لە یەكدی مارە دەكرێن، مەلا تەنیا پارچە كاغەزێكیان پێدەدات كە ئەوانە ژن و مێردی یەكدین، بەڵام كوڕەكە بەبێ‌ ئەوەی لە دادگا گرێبەستی مارەبڕین بكات، ژنەكە دەگوازێتەوە. ژنەكە نازانێت چاڵی بۆ هەڵكەندراوە.

ئەو ژنە گوتی "زەوییەكەی پێ‌ فرۆشتم و بە پارەكەی تاكسییەكی كڕی و بەناوی خۆی كرد. لە مووچەی من كرێی خانووی دەدا. زۆری نەبرد ئۆتۆمبێلەكەشی فرۆشتم و گوتی دوو ئۆتۆمبێلمان بۆ چییە. هەرچەندە دەمزانی ئەو پیاوە فێڵێكی لەژێر سەرە، بەڵام پێم عەیب بوو باسی جیابوونەوە بكەم".

تاوەكو ئێرە شتەكان بە ئاسایی دەڕۆن و ژنەكە هەموو شتێك لە پیاوەكە قبوڵ دەكات، تا رۆژێكیان كار لە كار دەترازێ‌ و مێردەكەی پێیدەڵێت ژنی مارە كردووە، هەڕەشەشی لێدەكات كە لەلای ماڵی ژنە نوێیەكەی نەڵێت ژنی هەیە. ئەو كاغەزەشی مەلا پێیدابوون دەیشارێتەوە و پێیدەڵێت بە چی بۆم دەسەلمێنی كە ئێمە ژن و مێردین. ژنەكە لە ژێر هەڕەشەدا ئەوەش قبوڵ دەكات.

ژنەكە تازە بە ئاگا هاتبووەوە كە یاسا دەتوانێ‌ مافەكانی بۆ وەربگرێتەوە. داوای لێكرا سەردانی دادگای باری كەسی بكات و داوایەك تۆمار بكات، ئەو مەلایەی گرێبەستی مارەبڕینی بۆكردووە و لەگەڵ دوو شایەتەكە بباتە دادگا و بۆ دادگای بسەلمێنێ‌ كە ئەو ژنی ئەو پیاوەیە. ئەوە دەرفەتێكی باش بوو بۆ ژنەكە، چونكە بە گوتەی خۆی مەلا و دوو شایەتەكە ئامادەبوون لەگەڵی بچن بۆ دادگا و شایەتی بۆ بدەن.

دوای ئەوەی سەلمێنرا كە ئەوانە ژن و مێردن، ژنەكە دەتوانێ‌ داوای جیابوونەوە بكات و مافی خۆشی وەربگرێ‌. چونكە لە مادەی 43 لە یاسای باری كەسیدا هاتووە "ئەگەر مێرد ژنەكەی بۆ ساڵێك زیاتر بەبێ پاساوی رەوا جێهێشت، هەرچەندە مێردەكەی شوێنی نیشتەجێبوونی دیاربێ و دەرامەتی هەبێ‌ خەرجی بكات، ژنەكە دەتوانێ داوای جیابوونەوەی لێ بكات".
Rudaw-
Top